هەدەپە وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە

"هاوکاری قەندیلمان نەکردووە"

K24 - ھەولێر

سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانی دیاربەکر وەڵامی سەرۆک کۆماری تورکیا دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، قسەکانی ئەردۆغان ناڕاستن و هاوکاری قەندیلیان نەکردووە.

عەدنان میزرا کلی، سەرۆکی شارەوانی لەکارلادراوی دیاربەکر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شارۆچكەی نسێبینی  باكووری كوردستان رایگەیاند: "ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکردووە کە شارەوانییەکان هاوکاری داراییمان بۆ قەندیل ناردووە، بەڵام ئەم گوتانەی ئەردۆغان دوورن لە راستییەوە و شارەوانییەکان هاوکاری قەندیلیان نەکردووە".

گوتیشی: "وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لێکۆڵینەوەی لەبارەی هاوکاری شارەوانییەکان بۆ قەندیل کردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان دەست نەکەوتووە".

دوێنێ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا  رایگەیاند، به‌ گوێره‌ی یاسا قه‌یوم دانراوه‌ و سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپەش هاوکاری قەندیلیان کردووە.

ئەمەش دوای ئەوە ھات كە رۆژی دووشەممە 19/8/2019، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بیانووی ئەندامێتییان لە پەكەكە و بانگەشەكردن بۆ تیرۆر و بوونی چەند دۆسیەیەكی لێپرسینەوە، ھەر یەك لە عەدنان سەلجوق میزراقلی، سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر، ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی مێردین، بەدیعە ئۆزگوگچە ئەرتان، سەرۆكی شارەوانی وان- لە كارەكانیان دوورخرانەوە، پارێزگاری ئەو سێ شارەش لە شوێنیان وەك قەیوم دەستبەكار بوون.

ھ.م