هێرشه‌كانی ئیسرائیل سەركردەكانی عێراق و سووریا و لوبنان كۆده‌كاته‌وه‌

كوتله‌ی به‌در: ئیسرائیل هه‌وڵ ده‌دات شکست بە هێزی بەرگری شیعەکان بهێنێت
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

سەرۆکی کوتلەی بەدر لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بڕیارە هەریەك لە وڵاتانی عێراق، لوبنان و سووریا بەمنزیکانە کۆببنەوە.

له‌كاتێكدا بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ سەر پێگەی ئەو هێزانەی لە ئێرانەوە نزیکن لە هەریەك لە وڵاتانی سووریا، لوبنان و عێراق لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە، حه‌سه‌ن كه‌عبی، سه‌رۆكی کوتلەی بەدر له‌ پەرلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات، بۆ رێگریکردن لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بڕیارە هەریەك لە وڵاتانی عێراق، لوبنان و سووریا بەمنزیکانە کۆببنەوە.

حەسەن کەعبی گوتی: ئیسرائیل هەوڵدەدات شکست بەو هێزە بەرگریکارانە بهێنێت، کە لە هەریەك لە عێراق، سووریا و لوبنان رووبەڕووی ئەو وڵاتە دەبنەوە.

ئیسرائیل لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندین پێگەی ئێرانییەکانی لە سووریا بۆردوومانکردووە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش بە ئاشکرا دانی بەوەدانابوو، فڕۆکەکانیان لە هەر شوێنێك پێگەیەکی ئێرانی ببینن هێرش دەکەنە سەریان، کوتلەی بەدر ئاماژە بەوەدەدات، بەهۆی ترسی ئیسرائیلییەکان لە توانا سەربازییەکانی حەشدی شەعبی، تەلئەڤیڤ بڕیاری بۆردوومانکردنی پێگەکانی حەشدی داوە.

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو تا ئێستا ژمارەیەك کۆگای چەك و تەقەمەنی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست تەقیونەتەوە، بەرپرسانی ئەو هێزەش فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبارکرد.

هەرچی ئیسرائیلە تا ئێستا نە بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی گرتووەتە ئەستۆ نە رەتیشیکردووەتەوە، کە ئەنجامی نەدابێت.

H.B