پێنج ساڵە هەڵەبجە بێ ئەنجوومەنی پارێزگایە

"پارتی و یەکێتی تۆمەتبار دەکرێن"

K24 – هه‌ولێر:

دوای پێنج ساڵ لە بوونی بە پارێزگا، تا ئێستا هەڵەبجە بی ئەنجوومەنی پارێزگایە، لایەنە سیاسیەکانی ئەم شارە کۆبونەوە لەدوای کۆبوونەوە ئەنجامی دەدەن، بەڵام نەگەیشتون بە ڕێککەوتنی یەکجاریی.

سەرجەم  لایەنەکانی دیکە و زۆرینەی هاووڵاتیانی ئەم شارەش، یەکێتی و پارتی بەهۆکاری پێک نەهێنانی ئەم ئەنجوومەنە دەزانن.

نزار مەحموود، بەرپرسی مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان و زۆربەی لایەنە سیاسییەکان هیچ کێشەیەکمان نییە و رێککەوتووین، بەڵام ئەوەی کە رێک ناکەوێت تەنها پارتی و یەکێتین.

دەشڵێت: "ئومێد دەکەین تا رۆژی دووشەممە ئەم پرسە کۆتایی پێ بێت و رێککەون، ئەگەر رێک نەکەون لایەنی بەربەست بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین".

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پارتی داوای کردووە یەکێک لە پۆستە ئیدارییەکان وەک بەڕێوەبەری ناحیەی خوڕماڵ یاخود ئەو ئەنجومەنەی بڕیارە پێک بێت پێی بدرێتێ، بۆیە چاوەڕێی وەڵامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و بۆ ئەو مەبەستە هەفتەی داهاتوو دووبارە کۆدەبنەوە.

H.J