فیلمێكی كوردی ده‌بێته‌ ئۆپنینگی حه‌فته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلم له‌ دهۆك

فیلمه‌كه‌ له‌ ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌رێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌
kurdistan24.net

K24- دهۆك:

هه‌فته‌ی داهاتوو حه‌فته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلم له‌ دهۆك به‌ سپۆنسه‌ری كوردستان بیست و چوار به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، كه‌ ده‌رهێنه‌رانی كوردی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و به‌رهه‌مه‌كانیان كۆ ده‌كاته‌وه‌، یه‌كێك له‌ فیلمه‌كان ده‌كرێته‌ به‌رهه‌می كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌ و كار و چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه بۆ ماوه‌ی‌ 8 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌و فێستیڤاڵه‌دا له‌ كۆی 112 فیلم، كه‌ بۆ نیشاندان ئاماده‌كراون، 41 له‌و فیلمانه‌ كوردین و به‌رهه‌می هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانن.

یه‌كێك له‌ فیلمه‌ كوردییه‌كان كه‌ له‌ ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌رێكی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، ده‌كرێته‌ ئۆپنینگی فێستیڤاڵه‌كه‌، و له‌م باره‌شه‌وه‌ شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی، به‌رپرسی به‌شی هونه‌ریی حه‌وته‌مین فیلمه‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی دهۆك ده‌ڵێت: فیلمه‌ كوردییه‌كان به‌رهه‌می هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانن و به‌سه‌ر 4 به‌شدا دابه‌شكراون، به‌شێكیان له‌ پێشبڕكێی فیلمی درێژی كوردی "فیچه‌ر فیلم" دیاریكراون و له‌ 7 فیلمی كوردی پیكهاتوون، به‌شێكی دیكه‌ش بۆ پێشبڕكێی به‌ڵگه‌ فیلم ئاماده‌كراون و له‌ 6 فیلم پێكهاتوون، به‌شی پێشبڕكێی كورته‌ فیلمیش 12 فیلم له‌خۆ ده‌گرێت و 16 فیلمیش بۆ به‌شی پانۆراما دیاریكراون و له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێ نیشان ده‌درێن.

به‌ بڕوای سینه‌ماكار و كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی له‌ بواری سینه‌ما، فیلمه‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی دهۆك جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ رووی سینه‌ماوه‌ هه‌نگاوی باشی ناوه‌، هاوكات وه‌ك مه‌مه‌د ئه‌كتاش، سینه‌ماكار و پرۆدیوسه‌ری بواری سنه‌ما جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، له‌ بوار و بابه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیشدا خزمه‌تێكی باشی پێشكه‌ش به‌ دۆزی كورد كردووه‌ و، توانیویه‌تی سینه‌ماكارانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان كۆبكاته‌وه‌ و، ببێت به‌ پردێك بۆ په‌یوه‌ندی هونه‌ری و سینه‌مایی له‌ نێوانیان.  

ساڵانه‌ فیلمه‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی دهۆك به‌ هه‌نگاوی باشتر و پێشكه‌شكردنی زانستیانه‌تر و نوێبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه‌ و سه‌رنجی سینه‌ماكارانی دیاری جیهانی به‌لای هه‌رێمی كوردستاندا راده‌كێشێت، به‌مه‌ش دهۆك بووه‌ته‌ ناوه‌ندێكی باش بۆ سینه‌ماكارانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، گه‌لێك جاریش به‌و هۆیه‌وه‌ كاری سینه‌مایی هاوبه‌شیان ئه‌نجامداوه‌.

H.B