پەکەکە دوای برینداركردنی پێشمەرگەیەك لە شێلادزێ دەیڕفێنن
K24 - دھۆك
گەریلاكانی پەكەكە لە ناحیەی شیلادزێی سنووری دھۆك، پێشمەرگەیەك بریندار دەكەن و دواتر دەیڕفێنن.
شوکری عەلی، کە برای پێشمەرگەکەیە هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشڕاستکردەوە و رایگەیاند، براکەی لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە بە گولـلەی کلاشینکۆف بریندارکراوە و دواتر رفێنراوە.
روونیكردەوە: "براکەم بە مەبەستی مەلەکردن لە ئاوی گەلی باڵندا سەردانی ناوچەکەی کردووە و لە گوندی کۆچکسیتە گەریلاكانی پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەری و برینداریان کردووە و دواتر رفاندویانە".
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، بە مەبەستی هێنانەوەی كوڕەكەیان کەسوکاری پێشمەرگە رفێنراوەکە لە ناوچەکە سەردانی بنکەکانی پەکەکەیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە رەتیانکردووە کە ئازادی بكەن و پێی راگەیاندوون کە بە برینداری لای ئەوانە، بەڵام تاکو لێکۆڵینەوەی تەواوی لەگەڵ نەكەن رادەستی كەسوكاری ناكەنەوە.
پێشمەرگەکە ناوی شەکیب عەلی-یە و تەمەنی 38 ساڵە و خاوەن 4 منداڵە و ئەركی پێشمەرگایەتی وەك پاسەوان لە کۆنسڵخانەی وڵاتی هەنگاریایە لە هەولێر.
ھ.م