كوردێك بەشداری کۆنفڕانسی لوتکەی ئاشتی دەکات

"بە ئاڵای كوردستان و جلوبەرگی كوردی بەشداریمان كرد"
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە              

گەنجێكی كورد لە ھەڵەبجە بەشداری لە كۆنفرانسی لوتكەی ئاشتی دەكات، كە لە دورگەی ماڵدیڤ بەڕێوەچوو، بە گوتەی ئەم گەنجە بەشداریكردنی لەم كۆنفرانسە لە رێگەی ناردنی سیڤی و ئەنجامدانی چەندین چالاكی لە بواری ئاشتی و مافەكانی مرۆڤە.

محەمەد ماجید، رێگایەكی دوور دەبڕێت، تابگات بە خەونەکەی، چونکە ئەو چەند ساڵێکە ھەوڵی بۆ دەدات، پاش چەندین ساڵ کار کردن لەشارەکانی كوردستان  و بەتایبەتی لە شاری ھەڵەبجە لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان و قبوڵکردنی یەکدی و جیاوازی کولتووری دواجار لە رێگای ناردنی سیڤیەکەیەوە، کە وەک گەنجێکی ئاشتی خواز و دانیشتوی پایتەختی ئاشتی خۆی دەناسینی و بەشداری کۆنفرانسی ھەڵبژاردنی باڵیۆزی گەنجان بۆ ئاشتی دەکات لە دروگەی ماڵدیڤ.

لەبارەی ئامانجی بەشداریكردنی لەو كۆنفرانسە محەمەد ماجید، بە كوردستان24ی گوت: "دوو ئامانجم لە بەشداریكردن لەو كۆنفرانسە ھەبوو، یەكەمیان لەبەر كوردستان دووەم لەبەر ھەڵەبجە".

محەمەد، لەگەڵ 5 ھاووڵاتی دیکە بەشداری ئەو کۆنفڕانسەیان کردبوو، سەرەتا بەجل و بەرگی کوردییەوە چوونەتە نێو ھۆڵی کۆنفرانسەکە، بەڵام رێگریان لێدەکرێت کە بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداربن، بۆیە داوا لە رێکخەرانی کۆنفڕانسەکە دەکەن، یان دەبێت ئاڵای کوردستان وەک وڵاتانی دیکەی بەشدار دابندرێت یاخود دەگەڕێنەوە و بەشداری لە کۆنفڕانسەکە ناکەن، بەڵام دواجار داواکەیان قبوڵ دەکرێت.

ئەو گەنجەی ھەڵەبجە ئاماژەی بەوەشكرد: "لەكاتی بەشداریكردنمان لەو كۆنفرانسە یەكەمجار پێیان گوتین، نابێ بە ئاڵای كوردستان و جلوبەرگی كوردییەوە بەشداری بكەن، ئێمەش گوتمان ئەگەر رێگەمان پێنەدەن، ئێمە دەگەڕێینەوە، چونكە ئێمە خەڵكی ھەرێمی كوردستانین، ئاڵا و پەرلەمان و حكوومەتی خۆمان ھەیە".

محەمەد ماجید، گەنجێکی دانیشتوی شاری ھەڵەبجەیە و تەمەنی 21 ساڵە، لە چەندین رێكخراو و گرووپ کاری کردووە، لەپێناو پتەوکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان و گەیاندنی دەنگی گەنجان بەدەرەوە و ھاوکاری کردنیان لەناساندنیان و دەرخستنی تواناکانیان. کۆنفڕانسەكە ساڵانە بۆ سەرجەم وڵاتانی جیھان ئەنجام دەدرێت بە ئامانجی جێگیرکردنی ئاشتی لە جیھان و ھاوکاریکردنی گەنجان، لەم کۆنفڕانسەدا، ئەمساڵ محەمەد وەك گەنجێكی بەشداربووی ئەو كۆنفرانسە سێ مەدالیایی رێزلێنانی پێدەبەخشرێت و دەبێتە باڵیۆزی گەنجان بۆ ئاشتی.

ھ.م