سەزای تەمەللی: بەڕێز مەسعود بارزانی نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ ناوچەکە گرنگە

شاندێکی هەدەپە لە هەرێمی کوردستانە

K24 – هه‌ولێر:

سەزای تەمەللی، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، بۆ سەردانکردنی سەرۆک بارزانی لە هەرێمی کوردستانن و دەیانەوێت پرسە گەرمەکانی ناوچەکەی لەگەڵ تاووتوێ بکەن.

راشیگەیاند: "بەڕێز مەسعود بارزانی سەرکردەیەکی گرنگ و پێشەنگە. ئەو نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ سیاسەتی ناوچەکە گرنگە".

ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان دەیانەوێت ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت و هەوڵی چەسپاندنی دیموکراسی دەدەن. بۆ ئەمەش چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوێکی گرنگ دەبێت.

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هەدەپە بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پەرلەمانی کوردستان و چەند پارت و لایەنێکی سیاسی کۆ ببێتەوە.

هەر لەبارەی سەردانەکەی شاندەکەی هەدەپە، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی کوردستانی و عێراقی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، سەرۆک بارزانی رۆڵی گرنگی لەناوچەکەدا هەیە، بۆیە لایەنەکان هەوڵ دەدەن لەسەر پرسەکانی ناوچەکە راوێژی پێ بکەن.

گوتیشی، پارتی لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتییە لە تورکیا، به‌جۆرێك كه‌ بەپێی تایبەتمەندییەکانی هەر ناوچەیەک رێککەوتن بکرێت.

H.J