وه‌قفی سوننی: ئاواره‌كان به‌زۆر ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه شوێنه‌كانیان
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی حکوومەتی عێراق پێویسته لە ماوەیەکی کورت‌دا سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی بەشی زۆری لای سوننەکان و وه‌ك ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن، تائێستا هۆکارەکانی ئاوارەبوونیان چارەسەرنەکراون.
له به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌تی عێراق كه له‌لایه‌ن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانه‌وه دراوه، عه‌بدوللـه‌تیف هومه‌ییم، سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی له عێراق هۆشداری دەداتە حکوومەت و دەڵێت: ناکرێت خەڵکی بەزۆر لە کەمپەکان دەربکرێن، لە کاتێکدا تا ئێستا دۆخێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان نییە.
جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، "بابەتی گەڕاندنەوەی بەزۆری ئاوارەکان بە تەواوی رەتدەکەینەوە، ئێمە لە دیالە و بەلەد و هەندێك ناوچە رەوشی گەڕانەوەمان بۆ خولقاوە، بەڵام لە هەندێك ناوچە رێگری جددی هەیە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان، لە شنگال خەڵك ئەستەمە بەو شێوەیە بگەڕێتەوە، لە جورف ئەلسەخر خەڵك ناتوانێ بگەڕێتەوە، پێویستمان بەوەیە حکوومەت لەم پرسەدا بۆچوونێکی روونی هەبێت".
له به‌رامبه‌ریشدا نه‌وفه‌ل به‌ها، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانیش دڵنیایی دەدات، كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك خەڵك بەزۆر ناگەڕێننەوە و دووپاتی ده‌كاته‌وه، هەندێك لە راگەیاندنەکان دەیانەوێ زانیاری هەڵە بدەن، دەیانەوێ بڵێن ئاوارەکان بە زۆر دەنێردرێنەوە، ئەمە راست نییە. ئێمە راپرسییەکمان لە ناو ئاوارەکان کردووە، زۆرینەیان خواستی گەڕانەوەیان هەیە.
ده‌شڵیت: کاری وەزارەت ئەوەیە پرۆسەی گەڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بە ئەنجام بگەیەنێت، بەڵام بە ویستی ئاوارەکان خۆیان بێت.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ئیستا لە عێراق ١١٦ کەمپی ئاوارەکان هەن و لەماوەی رابردووش‌دا ٥٨ کەمپ داخراون. تا ئێستا نزیکەی ٤٤٨ هەزار کەس ئاوارەن و نیوەی ئەو ژماره‌یه‌ش لە هەرێمی کوردستانن.
H.B