لەگەڵ دابەزینی کۆگاکراوی ئەمهریکا نرخی نەوت بەرزبووەوە
K24 – ههولێر:
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئهمڕۆ بەرزبووەوە، کە دابەزینی چاوەڕواننەکراوی نەوتی کۆگاکراوی ئەمهریکا لە هەفتەی رابردوودا پشتیوانی لەو بەرزبوونەوەیە کرد.
گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی تشرینی دووەم لە ئاستی 62.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەدەکرێت، کە بە رێژەی 0.67% بەرزبووەتەوە، هەروەها گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی سووکی تێکساس بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە رێژەی 0.68% بۆ 57.79 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە.
داتاکانی پەیمانگەی پێترۆڵی ئەمهریکا پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی ئەو کاڵایەی کرد، کە بە گوێرەی داتاکان نەوتی کۆگاکراوی ئەمهریکا بە بڕی 7.2 ملیۆن بەرمیل لە کۆتایی هەفتەی رابردوو 6 ئەیلوول، بۆ 421.9 ملیۆن بەرمیل دابەزیووە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوت داببەزێت.
هاوکات رۆژی سێشەممە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمهریکا، جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئهمهریكای لە کارەکەی دوورخستەوە، ئەو هەوڵەش رووبەڕووی رەخنە کرایەوە، نرخی نەوتی دابەزاند.