كۆرپه‌له‌یه‌كی تازه له دایكبوو له نه‌خۆشخانه‌ی كه‌ركووك له ناو سه‌به‌ته‌ی زبڵ ده‌دۆزرێته‌وه
K24 - كه‌ركووك:
كۆرپه‌له‌یه‌كی تازه له دایكبوو، له ناو سه‌به‌ته‌ی زبڵی ناو نه‌خۆشخانه‌ی كه‌ركووك ده‌دۆزرێته‌وه، كه پێده‌چێت كه‌سوكاره‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه فڕێیان دابێت و جێیان هێشتبێت.
به گوێره‌ی روونكردنه‌وه‌یه‌كی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندرووستی كه‌ركووك، له‌لایه‌ن پاكه‌وانه‌كان منداڵه‌كه له‌ناو سه‌به‌ته‌ی زبڵ دۆزراوه‌ته‌وه و هه‌ندێك لۆكه‌ش له‌ناو ده‌می منداڵه‌كه بووه.
فه‌رمانگه‌ی ته‌ندرووستی كه‌ركووك ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، دوای دۆزینه‌وه‌ی، منداڵه‌كه‌یان بردووه‌ته به‌شی منداڵه ناكامه‌كان و خراوه‌ته ژێر چاودێری پزیشكی، ئێستاش باری ته‌ندرووستی باشه.
هاوكات ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، له رێگه‌ی سه‌یركردنی كامێراكانی چاودێری، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان، به دواداچوون بۆ دۆزینه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌كه‌ن و رێكاری پێویستیش به‌رامبه‌ریان ده‌گرنه‌به‌ر.
وه‌ك له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌شدا ده‌رده‌كه‌وێت، بڕێكی زۆر لۆكه خراوه‌ته ناو ده‌می منداڵه‌كه تا كه‌س گوێی له ده‌نگی نه‌بێت، كارمه‌ندانیش لۆكه‌كه له‌ناو ده‌می منداڵه‌كه ده‌هێننه ده‌ره‌وه و ژیانی كۆرپه‌له‌كه رزگارده‌كه‌ن.
ئ. م
ئ. م