وشكه‌ساڵی هه‌ڕه‌شه‌ی جدی له‌ ئێران ده‌كات

رێكخراوی فاو: لەماوەی 3 ساڵی رابردوودا ئێران رووبەڕووی سەخترین قەیرانی کەمئاوی بووەتەوە

K24- هه‌ولێر:

وشکەساڵی بووەتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ئێران و ژیانی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لە مەترسیدایە. بەگوتەی بەرپرسانی رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو)، لەماوەی 3 ساڵی رابردوودا ئێران رووبەڕووی سەخترین قەیرانی کەمئاوی بووەتەوە.

ئاوی رووبارەکان و سەرچاوەکانی دیکە لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە و قەیرانی ئابووری و سزاکانی سەر ئەم وڵاتەش، ئەرکی خەڵکەکەی قورسترکردووە، هاوکات کاریگەری گەورەشی لەسەر کەرتی گەشتیاری و سامانەکانی ئاو دروستکردووە.

حکوومەتی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی بڕی یەك تریلیۆن و 20 ملیار تمەن له‌ بودجه‌ی گشتی تەرخانکردووە، دەیەوێ لەڕێگەی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە، مەترسییەکە نەهێڵێت.

ئەمساڵ رێژەی بارانبارین لەچاو ساڵانی رابردوو زیاتر بووە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز ئه‌و رێژه‌یه‌ نەیتوانیوە مەترسی وشکەساڵی بڕەوێنیتەوە.

بەگوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، زیاتر لە 8 هەزار گوندی ئێران ئاوی خواردنەوەیان نییە و بە تانکەر بۆیان دابین دەکرێت.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەریی قوڵی لەسەر ئێران داناوە. لە ساڵانی رابردوودا بە هۆی وشکەساڵییەوە، خەڵك لە ئاستێکی بەربڵاودا روویان لە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی کرد. ئەمە ئاستی ئاوەکانی دابەزاند یان تەنانەت وشکی کرد.

کەمی ئاو و وشکەساڵی و چارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیە لەلایەن حکوومەت، ناڕەزایی زۆری لای خەڵکی پارێزگاکانی ئێران درووستکردووە، چالاکڤانێکی ژینگەیی دەڵێت: کێشەکە 20% پەیوەندی بە کەمبوونەوەی ئاوه‌وه‌ هەیە، 80%-یش پەیوەندی بە خراپی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لەو وڵاتە هەیە.

بە گوێڕەی ئامارە فەرمیەکان، ساڵانە لە ئێران زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا ئاو بەکاردەهێندرێت، هاوکات لە ماوەی 20 ساڵی رابردووشدا زیاتر لە 130 ملیار مەتر سێ جا ئاوی ژێر زەوی بەکارهاتووە، ئەمەش وایکردووە وشکەساڵی لە ئێران ساڵ دوای ساڵ سەختربێت.

H.B