حكوومەتی ھەرێمی كوردستان داھاتەكانی رێكدەخاتەوە

"داھاتەكان بەپێی پێویستی بەسەر ناوچەكان دابەش بكرێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی  رێکخستنەوەی داھاتەكاندایە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم ناوچەکانیھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، پێویستە  سەرجەم ناوچەکانی كوردستان بە یەکسانی سود لەو داھاتە ببینن و ئەو کەرتانەی کە پێویستیان بە چارەسەری خێرا ھەیە، پەلە بکرێت لە چارەسەر کردنی کێشەکانیان.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوا کۆبونەوەی  لەگەڵ  لیژنەی کۆکردنەوەی داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردوەتەوە کە پێویستە داھاتی کوردستان بە دادپەروەری بەسەر سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمدا دابەش بکرێت، جیاوازی لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیكە کە نەکرێت لە خەرجکردنی داھاتی كوردستان و بەپێی پێویستی بێت.

ژمارەیەك پەرلەمانتاریش بڕیارەکەی حكوومەت بە گرنگ دەبینن و پێیان وایە، دەبێت لەسەر چەند بنەماییەک ئەو داھاتە دابەش بکرێت بە جۆرێت داھاتی كوردستان لە وەزارەتی دارایی کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی بزاندرێت داھاتەكان چەندە و دواجار بە گوێرەی پێداویستی ھاووڵاتیان خەرج بکرێت لە سەرەتاشدا پێویستە حكوومەت پەلە لە چارەسەركردنی كێشە سەرەكییانە بكات لە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی خەڵكی كوردستانەوە ھەیە.

بەشێک لە پەرلەمانتاران  بوچونەکانی حوکمەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر خەرجکردنی داھاتی كوردستان بە گرنگ دەزانن

ئەندامێکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەو داھاتەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە پێویستە بەشێکی بۆ ئاوەدانکردنەوە بەکاربھێنرێت بەجۆرێک سەرجەم ئەو پڕۆژانە دەست پێبکرێتەوە کە لە کابینەکانی رابردوو وەستابوون و پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان دابینبکرێت بەو داھاتەی دەست حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەوێت.

ھەرێمی کوردستان چەند سەرچاوەیەکی داھاتی ھەیە  لەوانە نەوت، سامانی سرووشتی و خاڵە گومرگییەکانی ھەرێمی کوردستان، کە داھاتیان لێ کۆدەکرێتەوە و حكوومەت لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی كەرتەكانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بکات بە کەرتێک کە سەرچاوەی داھات و بڕیاریداوە داھات و خەرجییەكان بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی.

ھ.م