حكومهت داهاته ناوخۆییهكان رێكدهخاتهوه
K24 - ههولێر:
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوا کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی کۆکردنەوەی داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە داھاتی کوردستان بە دادپەروەری بەسەر سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمدا دابەش بکرێت و جیاوازی لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەکی ديکە نەکرێت لە خەرجکردنی داھاتی كوردستان و بە پێی پێویستی بێت.
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، بڕیارەکەی حكوومەت بە گرنگ دەبینن و پێییانواییە دەبێت لەسەر چەند بنەمایەك ئەو داھاتە دابەش بکرێت، بە جۆرێت داھاتی كوردستان لە وەزارەتی دارایی کۆبکرێتەوە، بۆ ئەوەی بزاندرێت داھاتەكان چەندە و دواجار بە گوێرەی پێداویستی ھاووڵاتییان خەرج بکرێت، لە سەرەتاشدا پێویستە حكوومەت پەلە لە چارەسەركردنی كێشە سەرەكییهكان بكات، كه راستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیانی خەڵكی كوردستانەوە ھەیە.
بەشێك لە پەرلەمانتاران بۆچوونەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر خەرجکردنی داھاتی كوردستان بە گرنگ دەزانن.
ئەندامێکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەش لە پەرلەمان دەڵێت: "ئەو داھاتەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، پێویستە بەشێکی بۆ ئاوەدانکردنەوە بەکاربھێنرێت، بەجۆرێك سەرجەم ئەو پڕۆژانە دەستپێبکرێنەوە کە لە کابینەکانی ڕابردوو وەستابوون و پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان دابینبکرێت".
ھەرێمی کوردستان چەند سەرچاوەیەکی داھاتی ھەیە، لەوانە نەوت، سامانی سرووشتی و خاڵە گومرگيیەکان، کە داھاتیان لێکۆدەکرێتەوە و حكوومەت لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی كەرتەكانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بکات بە کەرتێك کە سەرچاوەی داھات بێت و بڕیاریداوە داھات و خەرجییەكان بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی.
ئ. م