مه‌سرور بارزانی: پێویسته وه‌كو هه‌رێمێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كوردستان بكرێت نه‌ك وه‌كو پارێزگایه‌ك
K24 - دهۆك:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 19ی ئه‌یلوولی 2019، له په‌راوێزی ئاهه‌نگی یه‌كه‌م خولی ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له دهۆك، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، خۆشحاڵی خۆی به بانگهێشتی فه‌رمی بۆ به‌شداریكردن له ئاهه‌نگه‌كه ده‌ربڕی و گوتی: "بینینی دۆستانمان له هه‌رێمی كوردستان به ده‌رفه‌تێكی باش ده‌زانین، هه‌ست به خۆشحاڵی ده‌كه‌م كاتێك ده‌بینم هه‌رێمی كوردستان له زۆربه‌ی بواره‌كان پێشده‌كه‌وێت".
حه‌لبووسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدای به باش وه‌سف كرد و گوتی: "خوازیارین بگه‌ینه زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نین زیان به هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بگات، ئه‌وه‌ش بنه‌مایه‌كه و پێیه‌وه پابه‌ندین".
حه‌لبووسی ئاماژه‌ی به هه‌ندێك لێدوانی جیاواز كرد كه له باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه دراون و رایگه‌یاند، ئه‌و لێدوانان گوزارشت له هه‌ڵوێستی فه‌رمی به‌غدا ناكه‌ن و دووپاتیشی كرده‌وه، هیچ هه‌ڵوێستی سیاسی نه‌رێنی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان نییه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیوای خۆی نیشاندا به گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ ته‌واوی پرسه ناكۆكه‌كان و گوتی: "ئێمه ئاماده‌ین ته‌واوی كێشه‌كان به گوێره‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكه‌ین، گه‌شبینین كه ده‌گه‌ینه چاره‌سه‌ر"، گوتیشی: "سه‌ركه‌وتنی كوردستان، سه‌ركه‌وتنی هه‌موو عێراقیانه، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسه ناكۆكه‌كانیش له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موواندایه".
سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه، كه پێویسته مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، وه‌كو هه‌رێمێكی چه‌سپاوی ده‌ستووری بێت، دووپاتیشی له گرنگی هاوكاری ئه‌منی نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شانه‌كانی داعش، كه تا ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ن له هه‌ندێك ناوچه‌ی وڵات.
له كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له هه‌ماهه‌نگی باشی نێوان هێزه عێراقییه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه كرد، بۆ له‌ناوبردنی پێگه‌كانی داعش كه له هه‌ندێك ناوچه‌دا ماون.
ئ. م