ده‌سته‌ی ئامار سه‌رژمێری گشتی بۆ چه‌سپاندنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق به‌ گرنگ ده‌زانێت

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم به‌ زیاتر له‌ 7 ملیۆن كه‌س هه‌ژمار بكرێت
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

مانگی 10ی ساڵی 2020 وه‌ك واده‌ی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی له‌ عێراقدا ده‌ستنیشان كراوه‌، ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستانیش بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی سه‌رژمێرییه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی زیاد ده‌بێت.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستانیش سه‌رژمێرییه‌كه‌ به‌ پێویست ده‌زانێت و به‌ پاڵپشتییه‌كی یاسایی و ده‌ستووری ناوده‌بات بۆ چه‌سپاندنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراقدا.

له‌كاتێكیشدا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی له‌ عێراق كۆتایی به‌و كێشمه‌كێشمه‌ و ناكۆكییه‌ سیاسیانه‌ بهێنێت، كه‌ ساڵانه‌ یه‌خه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراقدا ده‌گرێت، نه‌هرۆ ره‌واندزی، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێی وایه‌، ئه‌نجامدانی سه‌رژمێرییه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ له‌ 15%  تا 20%به‌رز ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتی عێراق له‌ ساڵی 2020 ده‌بێته‌ یه‌كه‌م سه‌رژمێری‌ گشتی و فه‌رمی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان به‌ زیاتر له‌ 7 ملیۆن كه‌س هه‌ژمار بكرێت. به‌و جۆره‌ش كاریگه‌ری راسته‌وخۆی  له‌سه‌ر زیادبوونی پشكی هه‌رێمی كوردستان له ‌به‌شه‌ بودجه‌ی عێراق ده‌بێت و وه‌ك بنه‌مایه‌كی یاسایی و ده‌ستووریش له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، بۆ دابینكردنی ماف و خواسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا.

H.B