منداڵانی داعش.. بێ ناسنامه‌ و داهاتوو ده‌بن

پێناسی فه‌رمیان نییه‌ و تۆمار نه‌كراون
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

بەهۆی نەبوونی پێناس و بەڵگەنامە یاساییەکان، منداڵانی خێزانە داعشەکانی نێو کەمپەکانی باشووری موسڵ، لە پرۆسەی خوێندن بێبەشن و دایکەكانیان داوا دەکەن، رێگەچارەیەك بۆ منداڵەکانیان بدۆزرێتەوە.

هەرچەندە رێکخراوێکی ئیتاڵی خۆبەخش کار بۆ دەرهێنانی بەڵگەنامە یاساییەکان بۆ ئەو منداڵانە دەکات، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەکی زۆرییان لە پێناس بێبەشن و ناتوانن بچنە نێو پرۆسەی خوێندنەوە.

چیرۆکی ئوم خەتاب هیچ جیاوازییەکی وای لەگەڵ ژنانی دیکەی چەکدارانی داعش نیە کە لەنێو ئەم کەمپەدان.

ئەو دایکی پێنج منداڵە بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکییان چەکداری داعش بووە و نەیتوانیووە بەڵگەنامەی یاساییەکانیان بۆ دەربهێنێت، منداڵەکانی لە خوێندن بێبەشبوون.

ئوم خەتاب، ئاوارەیه‌كی کەمپی حەمام عەلیله‌ و ده‌ڵێت: "منداڵی هەموو خەڵک خەریکی خوێندنە تەنیا ئەوانەی ئێمە نەبێت، بۆ ...؟ چونکە بەڵگەنامە یاساییەکانیان نيیە، زۆر حەزیان لە خوێندنە جاری واهەیە بۆ قوتابخانە دەگرین".

ئوم قەیسەریش دایکی سێ منداڵە و هەمان کێشەی هەیە و بەهۆی نوێ نەکردنەوەی پێناسەکانیان ناتوانن بچنە بەر خوێندن و بەداخەوەیە کە داهاتووی منداڵەکانی نادیار دەبێت, ده‌ڵێت: "ئەمساڵ کوڕێکم یەکەم ساڵی خوێندنی دەبێت، بەڵام وەریناگرن و دەڵێن دەبێت پێناسی نوێ بکەیتەوە، کە رێکار و کاتی زۆری دەوێت".

بەڕێوەبەری قوتابخانەی کەمپی حەمام عەلیلیش دەڵێت، بەدەست ئەوان نیيە کە ناتوانن منداڵانی خێزانە داعشەکان وەرگرن، چونکە بێ پێناس و بەڵگەنامە یاساییەکان هیچ قوتابییەك وەرناگیرێت.

بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی، ئێن ئار سی، نزیکەی 80 خێزانی داعش لە کەمپەكه‌دا هەن، کە منداڵەکانیان بێ پێناس و بەڵگەنامە یاساییەکانن.

ئ. م