دانیشتووانی دوو گوندی بناری قه‌ندیل له‌سه‌ر پووش و پاوان ده‌بێته‌ شه‌ڕیان

كوژراو و بریندار هه‌ن

K24 – رانیه‌:

دانیشتووانی دوو گوندی بناری زنجیره‌ چیای قه‌ندیل، له‌سه‌ر پووش و پاوانی سنووری نێوان گونده‌كانیان، ده‌بێته‌ شه‌ڕیان و كوژراو و برینداریش هه‌ن.

په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، دانیشتووانی گوندەکانی قەڵاتووکان ـــ دەشتێوان، لە بناری قەندیل، لەسەر پووش و پاوان شەڕە تەقە لەنێوانیان ڕوویداوە و کوژراوو برینداریشیان هه‌ن.

عوسمان ئەحمەد بەڕێوبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی نوێی قەڵادزێ بە کوردستان 24ی راگەیاند کاتژمێر 4:10 و خوولەك تەرمی گەنجێکی تەمەن 34 ساڵ بەناوی (سەرهەد عەلی حەسەن) گەیەنراوەتە نەخۆشخانەکەیان کە شوێنەواری فیشەك بە جەستەیەوه بووە و گیانی لەدەستدا بوو.

بە پێی زانیارییەکانی کوردستان 24 تەنها لە گوندی دەشتێوان، کوژراوێك و دوو بریندار لە ڕووداوەکە هه‌یه‌، تائێستاش زیانە گیانییەکانی گوندی قەڵاتووکان نەزانراون.

بریندارەکان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی سەنگەسەر و لەوێشەوە بۆنەخۆشخانەی ڕانیە و چارەسەریان بۆ دەکرێت.

پارساڵیش لەم وەرزە هەر لەسنووری سەنگەسەر لەسەر پووش و پاوان شەڕە تەقە لە نێوان دانیشتووانی هەردوو گوندی "جەلکان و مەمکان" ڕوویدا و بەهۆیەوە هاوڵاتییەك و پۆلیسێك کوژران.

برینداران بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر، ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه سه‌نگه‌سه‌ر كراون و له‌وێوه‌ به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ رانیه‌، بۆ چاره‌سه‌ری پێویست گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ رانیه‌.