ریفراندۆم راستی نەبوونی دیموكراسی لە عێراق دەرخست

دوو ساڵ بەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان تێدەپەڕێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ریفراندۆمی سەربەخۆیی خەڵكی كوردستان، راستی نەبوونی دیموکراسیی لە عێراقدا دەرخست، چونکە حکوومەت و پەرلەمانی عێراقیش نەیانتوانی مافی راپرسی وەک مافێکی دیموکراسی لە خەڵکی کوردستان قبوڵ بکەن، و لەبەرامبەردا کاردانەوەی توندی سەربازی و ئابڵووقەی ئابووریی توندی ھەرێمی کوردستانیان دا.

رۆژی 25/9/2017، بۆ خەڵکی کوردستان وەک جەژنێکی نەتەوەیی بوو، ئەوان تازە لە مەترسی داعش دوورکەوتبوونەوە و بە ئومێدێکی گەورەوە بەرەو سندووقەکان رۆیشتن، تا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، ئایا دەیانەوێت سەربەخۆبن، یان لەگەڵ عێراق بمێننەوە، بەڵام دواجار نزیکەی 93% دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و کوردانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستاندا، بە بۆچوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی ریفراندۆم بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەچووە، ریفراندۆم راستی نەبوونی دیموکراسی لە عێراقدا دەرخست، چونکە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بە ئابڵوقەی ھێرشی سەربازیی و ئابڵوقەی زەمینی و ئاسمانی وەڵامی خەڵكی كوردستانیان دایەوە.

دوای ریفراندۆم، فشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان زیاتر و ھەڕەشەکانی سەر کیانی ھەرێمی كوردستان زۆرتر بوون، عێراق و وڵاتانی ناوچەکە سوپای ھاوبەشیان لە سنوورەکانی كوردستان کۆکردەوەو دەستیان بە مانۆڕی سەربازی و خۆنمایشکردن کرد، ھەڕەشەی برسیکردن و پاشانیش بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق بەسەر كوردستان سەپێنرا و گەلی کوردستان سزادرا، گەشتی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی كوردستان راگیران و بەغدا چەندین رێوشوێنی دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان گرتەبەر، بەڵام سەرکردایەتی کوردستان نەچووە ژێر باری ئەو فشارانە و توانی رووبەڕووی بەربەست و قەیرانەكان ببێتەوە.

دوای دووساڵ لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەو ھەنگاوە بە دەستکەوتێکی مێژوویی گرنگ بۆ گەلی کوردستان ئەژمار دەکرێت، ھەندێک لەوانەشی کە پێشتر نەیاری بوون، ئێستا پێیانوایە ئەگەر عێراق پابەندی دەستوور نەبێت و کێشەکان چارەسەر نەکات، ریفراندۆم کارتێکی گرنگە و کورد دەتوانێت ھەر کاتێک بۆی بڕەخسێت پەنای بۆ بەرێت. 

ھ.م