جوتیاران داوای قەدەغەكردنی ھاوردەی پەتاتە دەكەن

وەرزی پێگەیشتنی پەتاتە لە ھەرێمی كوردستان دەست پێدەكات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ھەفتەیەکی دیکە وەرزی پێگەشتنی پەتاتەیە و جوتیارانی سنووری سلێمانی داوای قەدەغەکردنی ھاوردەی پەتاتە دەکەن، نەک باجی لەسەر بێ، بەو پێەی كە ئەمساڵ زیاد لە 12 ھەزار تۆن بەرھەمی پەتاتەیان دەبێ و زۆر زیاترە لە خواستی ناوخۆ.

ئەگەرچی بۆ ھەر تۆنێک پەتاتەی ھاوردەکراو 350 ھەزار دینار باجی لەسەرە، بەڵام ئەمە بەلای جوتیاران ھێشتا جێگای ناڕەزایەتیە و داوای قەدەغەکردنی دەکەن لەبری باج خستنە سەری، فرۆشارانی سەوزەش دەڵێن، پەتاتەی ناوخۆ نرخی زیاترە بۆیە ناچارن ھاوردەی بکەن.

وەزارەتی کشوکاڵ کار لەسەر نیگەرانی جوتیاران دەکا، تا ھەر كاتێك بەرھەمی پەتاتەی ناوخۆ گەیشتە بە ئاسانی ساغ بکرێنەوە و جوتیاران دووچاری زیان نەبن.

بەگوێرەی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی، ئەمساڵ جوتیاران زیاد لە 12 ھەزار تۆن بەرھەمی پەتاتەیان دەبێ، کە 7 ھەزاریان لەسنووری پینجوێنە، لەکاتێکدا مانگانە بەتێکرا سنووری سلێمانی پێویستی بە ھەزار و 500 تۆن پەتاتە ھەیە.

ھ.م