حهسهن كهعبی: گفتوگۆی ههولێر و بهغدا به باشی بهڕێوهدهچێت
K24 - بهغدا:
بڕیارە لە ماوهی مانگێکدا حکوومەتی عێراق بودجەی ساڵی 2020 رەوانەی ئهنجوومهنی نوێنهران بکات، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراقيش دهڵێ: "ھێشتا بودجە نەھاتووەتە پەرلەمان، بەڵام گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا کە سێ مانگە دەستی پێکردووە باش بەڕێوەدەچن و لە کۆتاییدا ھەمووان دەگەڕێینەوە بۆ حوکمی عەقڵ و دەستوور".
ھاوکات جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان باس لەوەدەکات, کە گەشبینن و خەڵکیش دڵنیا دەکاتەوە لەوەی بەشە بودجەی ساڵی داھاتوو کەمتر نابێت لە هی ئهمساڵ.
گرەوەکان لەسەر بودجەی ساڵی داھاتوو لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامە، کورد خواستی رێککەوتنی ھەیە و بەشێکیش لە پەرلەمانتاران بەردەوامن لەھەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوە بۆ قۆناخی پێش حکوومەتەکەی عەبدولمەھدی. دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدان.
حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دهڵێت: "ماوهی 3 مانگه گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و ھەولێر هەیە له بارەی پشکی کورد لە بودجە و پرسی نەوت، گفتوگۆکانی نێوانمان ئەرێنیین و باش بەڕێوەدەچن. تا ئێستا بودجە نەھاتووەتە پەرلەمان بەڵام لە کۆتاییداھەمووان دەگەڕێینەوە بۆ ئەقڵ و بۆ دەستوور کە چوارچێوەی کاری ھەمووان دیاری دەکات".
لە دوای ساڵی2005ـەوە ھەولێر و بەغدا بەردەوام پرسی بودجەیان وەك بابەتێکی سەرەکی لەگفتوگۆکاندا گەنگەشە کردووە، ئەو گفتوگۆیانەش ھەندێكجار بەرێکەوتن و ھەندێكجاریش بە ترازان کۆتاییان ھاتووە.