له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌غدا كه‌سێك كوژرا و 200 كه‌سی برینداربوون

خۆپیشانده‌ران وێنه‌ی ساعدی به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - به‌غدا:

لە بەغدا بە ھەزاران کەس لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپێشاندانیان ئەنجامدا، خۆپێشاندەران داواکاره‌كانیان ھەمەجۆر بوو، ھەندێکیان داوای  ئه‌نجامدانی چاکسازی و ھەندێکی دیكه‌شیان داوای رووخانی حکوومەت، زۆرینەشیان پاڵپشتیان لە فەریق روکن عەبدولوەھاب ساعدی دەکرد، کە چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، له‌ پۆسته‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌.

ھێزە ئەمنییەکان چەك و گازی فرمێسکڕژێنیان به‌كارهێنا و به‌و هۆیه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، دوو سه‌د كه‌س له‌ خۆپیشاندانه‌كان برینداربوون و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقیش ئاشكرای كرد، كه‌سێك له‌ خۆپیشاندانه‌كان كوژراوه‌ و چل كه‌سیش له‌ ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان برینداربوون.

یه‌كێك له‌ خۆپیشانده‌ران، كه‌ گازی فه‌رمێسك رژێنی به‌ركه‌وتووه‌، ده‌ڵێت: "تەماشای چاوم بکە، بە گازی فرمێسك ڕژێن و دار لە خۆپیشاندەران دەدەن، وەزیری بەرگری دەبوایە بەرگری لە ئێمە بکردایە نەك حکوومەت، لێرەوە پێیدەڵێین پێش تۆ زۆر کەس ھەوڵیاندا و دەسەڵاتداربوون، تەماشای خالد عوبێدی و ساعدی بکە لە کۆتاییدا کورسی فریایان نەکەوت".

گازی فرمێسک رێژ و تەقەی ھەڕەمەکی دیمەنێکی دیکەی خۆپیشاندانەکە بوو ئەمبوڵانس نەبوو بریندارەکان بباتە نەخۆشخانە و ئەوانەشی تووشی تەنگە نەفەسی بووبوون پەنایان بۆ ئەوە دەبرد دەموچاویان بە بیبسی بشۆن چونکە ده‌یانگوت ئاو چاره‌سه‌ریان ناكات.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێت: "کاتێك بینیان خەڵك وێنەی عەبدولوەھاب ساعدی بەرزدەکەنەوە، ئەوان دەستیان کرد بە لێدانمان بە ئاو، دواتر زانیان ئێمە ناڕۆین گازی فرمێسك ڕژێن و فیشەکیان بەکارھێنا، وامانزانی بەس دەنگە دواتر دەستمان بە ڕاکردن کرد".

خۆپیشاندەران گەرچی بێ پێشڕەوبوون و کەسێك نەبوو بەرگرییان لێبکات، بەڵام پێناچێ ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە بێت، چونکە ساڵانی رابردووش خۆپێشاندانەکان بە خۆڕسکی لەدایکبوون و دواتر بەشێك لە سیاسییەکان سواری شەپۆلی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بوون و کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکان ھێناوە.

ئ. م