نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوای راگرتنی توندوتیژییه‌كان ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوا ده‌كات به خێرایی گفتوگۆی نێوان حكوومه‌ت و خۆپیشانده‌رانی عێراقی ده‌ستپێبكات، ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌نگاوێكی په‌له بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان.
ستیڤان دوجاریك، گوته‌بێژ به‌ناوی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند: "گۆتێرێس به چڕیی چاودێریی پێشڤه‌چوونه‌كانی عێراق ده‌كات، داواكاره وه‌ك هه‌نگاوێكی خێرا، گفتوگۆ له‌نێوان حكوومه‌تی عێراق و خۆپیشانده‌ران ده‌ستپێبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی گرژییه‌كان بوه‌ستێنرێت".
به‌گوێره‌ی قسه‌ی گوته‌بێژه‌كه، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئازادی راده‌ربڕین و گردبوونه‌وه‌ی ئاشتیانه كردووه‌ته‌وه و گوتوویه‌تی: "ئه‌وانه له مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤن و پێویسته رێزیان لێبگیرێت".
له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كانی عێراقه‌وه تا ئێستا نزیكه‌ی 65 كه‌س كوژراون و هه‌زارانی دیكه‌ش بریندار بوون، خۆپیشانده‌ران هێزه ئه‌منییه‌كان به كوشتنی خۆپیشانده‌ران تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، له به‌رامبه‌ردا حكوومه‌ت رایگه‌یاندووه هیچ فه‌رمانێك بۆ ته‌قه‌كردن له خۆپیشانده‌ران نییه و كه‌سانێك به نیشانشكێن ته‌قه‌یان له خه‌ڵك كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئاژاوه بنێنه‌وه.