ھەسەدە: ئەمەریكا پابەندی ئەركی خۆی نەبوو

ھێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان دەستیان بە كشانەوە كرد
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان دەستیان بە كشانەوە كرد و ھەسەدەش رایدەگەیەنێت، ئەمەریكا پابەندی ئەركی خۆی نەبوو.

فەرماندەیی گشتی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) راگەیەندراوێكی لەبارەی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان و ئۆپەراسیۆنی توركیا بڵاو كردەوە و رایگەیاند: "ئەمەریكا پابەندی ئەركی خۆی نەبوو، ھێزەكانی لە سنوورەكانی توركیا كشاندووەتەوە".

لە راگەیەندراوی ھەسەدە ھاتووە: "ئێستا توركیا ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر رۆژھەڵات و باكووری سووریا دەكات، ئەمەش كاریگەری زۆر دەكاتە سەر شەڕی داعش و ئەو ئاسایش و ئارامییەی لە ناوچەكە بە دەستھاتووە لەناو دەچێت".

فەرماندەیی گشتی ھەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە: "بێ دوو دڵی ھێزەكانمان بەرگری دەكەن".

رێدوان بێزار، پەیامنێری كوردستان24 لە گرێ سپی راگەیاند: "ھێزەكانی ئەمەریكا چەند بارەگایەكیان لە گرێ سپی رۆژئاوای كوردستان چۆڵكرد و كشانەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە كۆشكی سپی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، كە ھێزەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان دەكشێنەوە و بەمزووانە توركیا ئۆپەراسیۆن دەست پێدەكات.

ھ.م