ھەسەدە: توركیا دەرگا لەبەردەم شەڕێكی درێژخایەن دەكاتەوە

"دەستپێكردنی ھەر شەڕێك لەلایەن توركیاوە رێگە لەبەردە سەرھەڵدانەوەی داعش دەكاتەوە"

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی سووریای دیموكرات رایگەیاند، دەستپێكردنی ھێرشی توركیا لە رۆژھەڵاتی فورات، دەرگا لەبەردەم شەڕێكی درێژخایەن دەكاتەوە.

لە راگەیاندراوێكدا ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) ئاماژەی بەوە كردووە، ئەوان پابەندی تەواوی خاڵەكانی رێككەوتنی میكانزمی ئارام بوون و ھێزەكانیان و چەكەكانیان لە ناوچە سنوورییەكان كشاندووەتەوە، ھەروەھا تەواوی سەنگەرەكانیان لەناوبردون و ئەوەش دۆخی ئێستای ھێزەكەی خستووەتە مەترسییەوە.

ئاماژە بەوەش دەكات، شەڕی باكووری سووریا میكانزمی ئاسایش دەكاتە میكانزمی مردن و میللەت دەربەدەر دەكات و دەرگا بۆ شەرێكی درێژخایەن دەكاتەوە.

ھەسەدە ئەوەش دەخاتەڕوو، 11 ھەزار شەھیدیان لە شەری دژی داعش داوە و توانیویانە خەلافەتی داعش لەنێو ببەن و دۆخێكی ئارام لە ناوچەكە بەدیبھێنن.

لەو راگەیەندرزاوەدا ھەسەدە دەشڵێت، دەستپێكردنی ھەر شەڕێك لەلایەن توركیاوە رێگە لەبەردە سەرھەڵدانەوەی داعش دەكاتەوە و گەلی سووریاش ناچار دەكات لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەكدارەكاندا بژین.

ھ.م