‌ لیره‌ له‌ لێواری داڕمانه‌ و بانكه‌كان ده‌یانه‌وێت دۆلار فریای بكه‌وێت

دۆلار دەفرۆشن و دەیخەنە بازاڕەوە

K24 – هه‌ولێر:

بە گوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی کەرتی بانکی تورکیا، بانکەکانی وڵاتەکە بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە لیرە دۆلار دەفرۆشن و دەیخەنە بازاڕەوە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێی بازرگانان بە زیاتر دابەزینی بەهای لیرە دوای هێرشەکانی ئەنقەرە بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆبوونەوەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی هەواڵی بلوومبێرگی راگەیاند، رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی رابردوو خاوەن قەرزەکانی تورکیا نزیکەی ملیارێک دۆلاریان کڕیووە.

ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوەداوە، لیرەی تورکیا بە رێژەی 2.3% لە رۆژی دووشەممەی رابردوو دابەزینی تۆمارکردووە ئەوەش گەورەترین دابەزینە لە سەرەتاکانی مانگی ئابی رابردووەوە، کە هۆکارەکەی دڵەڕاوکێکانە لەوەی پەیوەندی نێوان تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێ بنێتە قۆناغێکی نوێ و قەیرانی دیکە سەرهەڵبدات.

ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک بە داڕمانی ئابووری هەڕەشەی لە تورکیا کردووە، ئەگەر بێت و سنوور خۆی ببەزێنێت.

هەروەها ئاژانسی بلوومبێرگ ئاماژەی بەوەداوە، فرۆشی دراوە بیانییەکان هاوشێوەی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانە لە مانگی ئایار، کاتێک بانکە حکوومییەکانی تورکیا 10 بۆ 15 ملیار دۆلاریان بۆ پاڵپشتی لیرە فرۆشت و خستیانە بازاڕەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لیرەی تورکیا رۆژی سێشەممە کەمێک بەرزبووەوە، بەڵام سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە دوای ئەوەی تورکیا رایگەیاند دەست بە هێرش کردن بۆ رۆژئاوای کوردستان دەکات، بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار بە رێژەی 0.1% بۆ ئاستی 5.84 دۆلار دابەزی.