له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌زاره‌تی وزه‌ی توركیای سزا داوه‌

كوردستان24 كاریگه‌رییه‌كانی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا ده‌خاته‌ڕوو

K24 – هه‌ولێر:

بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لیستێک سزای بۆ سەر ئەنقەرە ئامادەکرد، وەزارەتی وزەی تورکیاش یەکێکە لەو لایەنانەی کە سزای بەسەردا دەسەپێندرێت، ئەوەش بووەتە مایەی پرسیار کە ئەوە چ کاریگەرییەکی دەبێت لە سەر کەرتی وزەی وڵاتەکە؟

هەردوو کۆمپانیای نیشتمانی پەیوەستن بە وەزارەتی وزە، یەکەمیان کۆمپانیای بوتاشە کە ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەی بۆ گواستنەوەی گاز پێکهێناوە و لایەنی یەکەمە لە گرێبەستەکانی هاوردەی گاز، ئەوی دووەمیشیان کۆمپانیای تپاوە کە بەرهەمهێنەری نەوتی ناوخۆی تورکیایەوە ژێرخانی ئابووری لە وڵاتانی دەرەوە بەڕێوەدەبات.

(TPAO)

کۆمپانیای نەوتی نیشتمانییە، گەنجینەی تورکیا خاوەنداری دەکات و لەلایەن وەزارەتی وزەوە بەڕێوەدەبردرێت.

هەروەها کۆمپانیاکە خاوەنداری دوو کەشتییە و بەرپرسە لە کارپێکردنیشیان، کە هەردوو کەشتی (فاتح و یاڤوز)ـە لە بواری گەڕان بەدوای نەوتدا کاردەکەن، ئێستاش لە کەناراوەکانی قوبرس کاری رووپێوی سێزیمیک ئەنجامدەدەن.

کۆمپانیا تپاو راستەوخۆ لە رێگەی کۆمپانیاکانی پڕۆژەی هاوبەشی گەڕان بە دوای نەوت لە ئازەربایجان و رووسیا و عێراق و ئەفغانستان کاردەکات.  ساڵی رابردوو کۆمپانیاکە 13.5 ملیۆن بەرمیل نەوت و 405 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی لە کێڵگەکانی ناوخۆی تورکیا بەرهەمهێناوە.

هەروەها بە بڕی 863 ملیۆن دۆلار لە دەرەوەی تورکیا و 634 ملیۆن دۆلار لە پڕۆژەکانی ناوخۆ وەبەرهێنانی کردووە.

بوتاش

کارپێکەری هێڵەکانی بۆری و کڕیاری گازی تورکیایە، و لە لایەن گەنجینەی تورکیاوە خاوەنداری دەکرێت و وەزارەتی وزە بەڕێوەی دەبات.

بوتاش 85% پێداویستی ناوخۆی تورکیا لە گازی سروشتی لە ساڵی رابردوو هاوردە کردووە، و کۆمپانیاکە لایەنی سەرەکییە لە گرێبەستەکانی هاوردەکردنی گاز لە رێگەی هێڵەکانی بۆری گاز لەگەڵ رووسیا و ئازەربایجان و ئێران، هەروەها گرێبەستە درێژ مەوداکان لەگەڵ نێجیریا و جەزائیر. هەروەها کۆمپانیای بوتاش گازی سروشتی لە بازاڕە خێراکان لە 13 وڵات هاوردە دەکات لە نێویدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و قەتەر.

ساڵی رابردوو، کۆی هاوردەی بوتاش لە گازی سروشتی لە رێگەی بۆریەوە 39 ملیار مەتر سێجا بووە، و کۆی گازی سروشتی شلکراوە LNG 11.3 ملیار مەتر سێجا بووە، نزیکەی پێنج ملیار مەتر سێجاشی لە بازاڕە خێراکان هاوردەکردووە.

هاوکات ساڵی رابردوو کۆمپانیای بوتاش 444  ملیۆن مەتر سێجا گازی شلکراوەی لە ئەمریکا کڕیووە، لە کاتێکدا تەنیا لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ  884 ملیۆن مەتر سێجا گازی شلکراوەی لە ئەمریکا کڕیووە.

ئەو کۆمپانیا تورکیە هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوت و گاز، هەروەها ژێر خانی ئابووری گازی شلکراوەی دەریایی تورکیا بەڕێوەدەبات.

ژێرخانی ئابووری گازی شلکراوە

تورکیا دوو بەندەری دەریایی گازی شلکراوەی هەیە، یەکێکیان لە لایەن کۆمپانیای بوتاشەوە ، ئەوی دیکەشیان لە لایەن کۆمپانیای ئێگی گاز خاوەنداری دەکرێن.

هەروەها تورکیا دوو یەکەی کۆگاکردنی گازی شلکراوە و دووبارە بە گازکردنی هەیە، یەکێکیان لە لایەن بوتاش و ئەوی دیکەشیان لە لایەن ئێتکی لیمانی تایبەت خاوەنداری دەکرێن.

هاوکات بوتاش دامەزراندنی سێیەمین یەکەی لە باکووری دەریای ئیجە گرتووەتە ئەستۆ، بەو هۆیەوە پشکی کۆمپانیای بوتاش لە هاوردەکردنی گازی سروشتی گەیشتووەتە 85%.

تۆپڕاش

تۆپڕاش گەورەترین پاڵاوگەی تورکیایە بە توانەی 30 ملیۆن تۆن کە لە چوار یەکەوە نەوت دەپاڵێوێت، بە گوێرەی یاسای تورکیا دەبێت کۆمپانیاکە تەنیا نەوتی ناوخۆ بۆ پاڵاوتن بکڕێت، بەوەش کۆمپانیاکە نەوتی ناوخۆ دەکڕێت و 100% پابەندی سزکانی ئەمریکایە بۆ سەر ئێران.