وەزیری كشتوكاڵ لە بەرھەمی عەلوەكان نیگەرانە

بێگەرد تاڵەبانی: پارێزگاری لە بەرھەمی ناوخۆ دەكەین
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نیگەرانن لەوەی كە ئەو بەروبوومانەی قەدەغەیان خراوەتە سەر لە عەلوەكان ھەیە. راشیدەگەیەنێت، ئەو بابەتەش لە كۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ دەكرێت.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "پارێزگاری لە بەرھەمی ناخۆیی دەكەین و ئەمڕۆش بۆ ھەمان مەبەست سەردانی عەلوەی ھەولێرمان كرد، ھەندێك لەو بڕیارانەی دەیدەین بۆ ئەوەیە بەرھەمی ناوخۆیی زیاد بكەین، بەڵام بەداخەوە ئەو ئەو بەرھەمانەی وەزارەت قەدەغەی دەخرێتەسەر لە عەلوە ھەیە، بەشێوازێكیش دێت لە مەرزەكان ھاوردە دەكرێت، بۆیە دەمانەوێت راپۆرتێك ئامادە بكەین و بیدەین بە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ھەماھەنگ بن لە پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی".

گوتیشی: "رێوشوێنی توند دەگرینەبەر و دەست بەسەر ئەو بەروبوومانە دا دەگرین كە بەدەر لە رێنماییەكان ھاوردە دەكرێن، دەبێ بگەڕێین بۆ ئەوەی بزانین كێن ئەوانەی بڕیارەكانی حكوومەت جێبەجێ ناكەن".

وەزیری كشتوكاڵ جەختی كردەوە: "دەبێ لە دەروازە سنوورییەكان رێگری لەو بەروبوومانە بكرێت، ھەروەھا لە كۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بابەتە تاوتوێ دەكرێت".

ھ.م