یارییه دراماتیك و ئاگرینه‌كه‌ی پرێمه‌رلیگ كۆتایی هات
له یاری لوتكه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پرێمه‌رلیگ، ئاده‌م لالانای هێرشبه‌ری لیڤه‌رپوول له كۆتایی یارییه‌كه یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر مانچێسته‌ر یونایتد له شكست رزگار كرد.
له گه‌ڕی نۆیه‌می پرێمه‌رلیگ، له یاریگه‌ی ئۆڵد ترافۆرد مانچێسته‌ر یونایتد میوانداریی لیڤه‌رپوولی كرد.
ماركۆس راشفۆرد له خوله‌كی 36ـی یارییه‌كه یانه‌كه‌ی به گۆڵێك پێشخست و تاكه گۆڵی یانه‌كه‌ی له یارییه‌كه تۆمار كرد و گێمی یه‌كه‌میش به گۆڵێكی بێوه‌ڵام له به‌رژه‌وه‌ندی شه‌یتانه سووره‌كان كۆتایی هات.
له گێمی دووه‌م لیڤه‌رپوول باشتر ده‌بینرا، ئه‌گه‌رچی یاریزانانی مان یونایتد به كۆمه‌ڵ به‌رگریان ده‌كرد و به ئامانجی ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌و تاكه گۆڵه بكه‌ن، به‌ڵام به‌رگه‌ی فشاره‌كانی لیڤه‌رپوولیان نه‌گرت و له خوله‌كی 85 ئاده‌م لالانا له نێو ناوچه‌ی سزای مان یونایتد تۆپێكی وه‌رگرت و ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ لیڤه‌رپوول یه‌كسان كرده‌وه و یارییه‌كه به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.
لیڤه‌رپوول به 25 خاڵ له پێشه‌نگی پرێمه‌رلیگ مایه‌وه، له به‌رامبه‌ردا مانچێسته‌ر یونایتد به كۆكردنه‌وه‌ی 10 خاڵ له خانه‌ی سێزده‌یه‌م دێت.