مه‌سرور بارزانی نیگه‌رانی خۆی له‌ ره‌وشى رۆژئاوا به‌ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا راده‌گه‌یه‌نێت

"درێژەکێشانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە زەمینەی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوە تیرۆریستیەکان دەرەخسێنێت"

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 2019/10/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەیڤد شنکەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیك کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆ له‌ بارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا کرا.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لەدۆخی ئێستای باکووری رۆژھەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و لێکەوتەکانی دەربڕی.

جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە کۆتایی بە تووندوتیژی و گرژییەکانی ناوچەکە بێت، چونکە درێژەکێشانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە، زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی رێکخراوە تیرۆریستیەکان دەرەخسێنێت.

هەروەها ئاماژە بەوەش درا پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران کە بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق تاوتوی کرا و ئاماژە بەوە درا حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پێشنیاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خستووەتە روو ، بۆیە چاوەڕێین بەغدا هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بهاوێژێت لە سەر بنەمای دەستوور.

ئ. م