سەربازێکی تورکیا کوژرا و پێنجی دیکەش برینداربوون

لە سەرێ کانی سەربازێکی تورکیا کوژرا

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسی ئەنادۆڵ لە زاری بەرپرسانی سەربازیی تورکیا بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی هێزەکانی یەپەگە لە سەرێ کانی، سەربازێکی تورکیا کوژراوە و پێنجی دیکەش برینداربوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەسەدە دەڵێن، ئەوان تەنها بەرگری لە خۆیان دەکەن و دەستپێشخەری هێرشەکان نین.

لە 09/10/2019 تورکیا و میلیشیاکانی لە سووریا، هێرشیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و بەهۆیەوە تاکو ئێستاش جەنگ لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە.

سەرەڕای ئەوەی دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاد لە 300 هەزار کەسیش ئاوارەبوون و بەشێک لەو ئاوارانەش روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

لە ئێستا بە رێککەوتنی رووسیا و تورکیا، ئاگربەست راگەیەندراوە و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەسەدە، دەبێت لە ناوچەی ئارامی پێشنیازیکراو لە لایەن تورکیاوە بکشێنەوە.

H.J