ئێران یەكێتی ئەوروپا نیگەران دەكات

"چالاكییەكانی ئێران پێشێلكردنی رێككەوتننامەی ئەتۆمییە"

K24 - ھەولێر

یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران نیگەرانن لە دەستپێكردنەوەی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران و ھۆشداریش لە ئەگەری بەردەوامبوونی ھەوڵەكانی ئێران لەوبارەوە دەدەن. بەرپرسی سیاسەتەكانی یەكێتی ئەوروپا دەڵێت، چالاكییەكانی ئێران پێشێلكردنی رێككەوتننامەی ئەتۆمییە و داواش دەكات ئێران بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی رێككەوتنەكان. ئەڵمانیاش رایگەیاندووە "ئەوروپا ئەم سەركێشییانە لە ئێران قەبووڵ ناكات".

رۆژی دووشەممە 4/11/2019، سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران جێبەجێكردنی قۆناغی چوارەمی بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكییە ئەتۆمییەكانیانی راگەیاند و ئەمەش كاردانەوەی توندی یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە رێككەوتنی ئەتۆمی لێكەوتەوە.

ئێران ئاشكرای كردووە، بنكە ئەتۆمییەكانی چالاك دەكاتەوە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمیش لە رێژەی دیاریكراو بەرز دەكاتەوە. ئەوروپا ھەنگاوەكانی ئێران بە پێشێلكردنی رێككەوتننەكان دەزانێت و ھۆشداریش لە ئەگەری بەردەوامی ھەوڵەكانی دەدات.

یەكێتی ئەوروپا لە نوێترین كاردانەوەیدا داوای لە ئێران كردووە پابەندی خاڵەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی بێت و بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی رێككەوتنەكان، ھۆشداریش لە ھەر ھەوڵێكی ئێران بۆ چالاككردنەوەی بنكە ئەتۆمییەكانی دەدات. دەشڵێت، پابەندبوونی ئەوروپا پەیوەستە بە پابەندییەكانی ئێرانەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە ئەڵمانیا ھەڵوێستی توندی دەربڕی و رایگەیاندووە، ئێران سنووری رێككەوتنەكانی بەزاندووە و ئەوروپا ئەمە لە ئێران قەبووڵ ناكات.

لوتكەی ئەم ناكۆكییانەش بۆ دەرچوونی ئەمەریكا لە رێككەوتننامەكەی ئێران دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش ئێران بە چوار قۆناغ لە دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانی دژی ئەو ھەنگاوەی ئەمەریكا وەستاوەتەوە و ھەڕەشە لە وڵاتانی ئەورووپاش دەكات، لە ئەگەری بەردەوامی گەمارۆكانی سەر وڵاتەكەی بە یەكجاری لەو رێككەوتنە دەكشێتەوە. رێككەوتنێك كە ئەوروپا دەڵێل، بۆ پاراستنی ئاسایشی جیھان ھەوڵی پاراستنی دەدەن و سەرۆكی ئەمەریكاش بە ھەڵەیەكی گەورەی مێژوویی وڵاتەكەی ناوی دەبات. لە ئێستاشدا دیار نییە ئەم ناكۆكییانە تاكەی بەردەوام دەبن و ململانێكانی وڵاتانی 5+1 و ئێران پرسی ئەتۆمی ئەو وڵاتە و داھاتووی پەیوەندییەكانیان بەرەو كوێ دەبات.

ھ.م