ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی زۆربه‌ی شرۆڤه‌كاره‌كانی جیهان تێیكه‌وتن

جیاوازی شیکاریکردن لە نێوان تیپە جیاوازەکان لە لایەن شڕۆڤەکار

 ئەحمەد هێرۆیی

لە تۆپی پێ دا شیکەرەوەکانی ئەم یارییە زۆربەی کات بۆ شیکردنەوەی ئاست و بارودۆخی تیپەکان، گرنگیەکی زۆر بە مێژوو ئەزموون و کەسایەتی کارەکتەرەکانی نێو ئەو تیپە و بەرنامە ڕێژی (ستراتیجیەت) ئەو تیپە دەدەن کە دەیانەوێت شیکاری بۆ بکەن، هەمیشە لە ڕێگەی ئەم پێوەرانەوە دەتوانن وردتر و دروست تر سەرنجەکانیان لەسەر تیپەکان بخەنە ڕوو، ئەمە جگە لە چەند لایەنێکی تر، بەڵام ئەوەی کە من لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم خاڵی جیاوازی هەندێ تیپە بەراورد بە هەندێ تیپی تر.

بۆ نموونە  ئەگەر ئێمە بمانەوێت شیکاری بۆ ئاستی یانەی لیڤەرپوڵ بکەین، زۆر جیاوازە لەوەی کە شیکاری بۆ ئاستی یانەی چێڵسی بکەین، لەبەر ئەوەی کاتێک دەتەوێت شیکاری بۆ ئاستی یانەی لیڤەرپوڵ بکەیت، لێرەدا تیپێکی خاوەن مێژوو هەیە، ڕاهێنەرێکی بە ئەزموون هەیە، کۆمەڵێک ئەستێرەی گەورە هەیە، کە هەموویان خاوەنی مێژووییەکن و بەرچاو ڕوونی زیاتر دەدەن بە کەسی شیکەرەوە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ هەموو لایەنەکانی ئەو تیپە بکات، بەو هۆیەوە شڕۆڤەکار  بە ڕێژەیەکی زۆر دەتوانێ خوێندنەوەی خۆی بۆ ئاستی ئەو تیپە بکات.

بەڵام کاتێک کەسی شیکەرەوە دەیەوێت خوێندنەوە بۆ ئاستی تیپێکی وەک چێڵسی بکات، لێرەدا شتەکان زۆر جیاوازن ترن بەراورد بە یانەیەکی وەک لیڤەرپوڵ، ئەگەر سەیری پێکهاتەکانی ئێستای یانەی چێڵسی بکەین، دەبینین ئەو یانەیە لە کۆمەڵێک یاریزانی لاو و کەم ئەزموون و ڕاهێنەرێکی لاو و کەم ئەزموون پێک دێت، کە ئەوانە هیچ ڕابردووییەکی ئەوتۆیان نییە، هەتاوەکو بەرچاوڕوونی زیاتر بدەن بە شڕۆڤەکار بۆ پێشبینی کردنی داهاتووی یانەکە و هەڵسەنگاندنی ئاستی یانەکە، وە هەروەها زۆر قورسە بتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە ئاخۆ لاوەکان  دەتوانن چی پێشکەش بکەن.

 ئەگەر سەیرێکی بارودۆخی یانەی چێڵسی بکەین لە وەرزی ئەمساڵ دا ئەم یانەیە بە سەرەتایەکی خراپ دەستی پێکرد، کاتێک بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ وەڵام بە یانەی مانچستەر یونایتد دۆڕا، لێرەدا زۆرێک لە چاودێران و شارەزایانی تۆپی پێ پێیان وابوو کە تەمەنی فڕانک لامپارد لەم یانەیەدا وەک ڕاهێنەر کورت دەبێت و هەر زوو دوور دەخرێتەوە، بەهۆی ئەوەی کە ئەم ڕاهێنەرە هیچ مێژووییەکی ئەوتۆی کاری ڕاهێنەرایەتی نییە، بۆیە زۆربەی شیکەرەوەکان تەنیا لەسەر بنەمای یەک دوو یاری هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەم ڕاهێنەرە کردوو پێیان وابوو ناتوانێت خۆی لە نێوان ئەم ڕاهێنەرە گەورانەی ئینگلتەرا دا ببینێتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەستێرەی یەکەمی تیپەکە یانەکەی بەجێهێشت و یانەکە چەند یاریزانێکی لاوی هێنایە پێشەوە، بۆیە زۆرێک یان پێیان وابوو ئیتر چێڵسی کەوتە قەیرانە گەورەکەوە و داهاتووی نادیارە، بەڵام ئێستا وەکو دەبینین قسەی زۆرێک لەو شڕۆڤەکارانە پێچەوانە بۆتەوە، ئێستا چێڵسی خانەی سێیەمی ڕیزبەندی گرتووە لە خولی ئینگلیزی، کە زۆر یانەی گەورەی ئەم خولە ئاوات بەو شوێنە دەخوازن، وە یاریزانانی چێڵسی جگە لە ئەنجامە باشەکانیان لە گەڵیشیدا نمایشێکی جوانی تۆپی پێ پێشکەش دەکەن، کە ئەمە دوور بوو لە پێشبینی زۆربەی شڕۆڤەکاران، کە ئەم تیپە لاو و پڕ کێشەیە بتوانێت بەم ئازاییەوە دەربکەوێت.

بۆیە پێویستە کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی تیپەکان دەکرێت، بە وریایەکی زۆرەوە بارودۆخەکان هەڵبەسەنگێنرێن، لەبەرئەوەی تۆپی پێ نە تەنها مێژوویە نە تەنها ئەزموونە، نە تەنها تاکتیک و بەرنامە ڕێژییە، هتد.. بەڵکو تۆپی پێ لەسەر کۆمەڵێک بنەما وەستاوە، کە زۆر جار یەکێک یان چەند بنەمایەک لەو بنەمایانە دەبێتە خاڵی بەهێزی تیپێک.

فرانك لامپارد راهێنه‌ری یانه‌ی چێڵسی
فرانك لامپارد راهێنه‌ری یانه‌ی چێڵسی