مه‌سرور بارزانی به‌رپرسانی كه‌مپ راده‌سپێرێت لە خزمەتکردنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران کەمتەرخەمی نەکەن

"هاوكاریكردنی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كارێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌"

K24 - دهۆك:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی کەمپی بەردەڕەشی کرد کە بووەتە لانەی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و لە نزیکەوە لە کێشە و پێداویستییەکانیانی کۆڵیەوە.

دیمەنی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ کەمپی بەردەڕەش، کەمپێك دوای ئەوەی لە ئەنجامی گەڕانەوەی ئاوارەکانی موسڵ بۆ زێدی خۆیان داخرا بەهۆی هاتنی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە دووبارە بووەوە بە سەردێڕی هەواڵەکان.

راشیگەیاند، یەك ملیۆن و سه‌د هەزار ئاوارە ئێستا لە هەموو پارێزگاکانی کوردستانن کە ئەمە ئەرکێکی زۆری خستووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ساڵانە یەک ملیار و 500 ملیۆن  دۆلار خەرجی بەڕێوەبردنی ئەم کامپانەن.

مەسرور بارزانی گوتی: "هاوکاریکردنی ئەم پەنابەرانە ئەرکێکی نێودەوڵەتییە و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانانمان دەکەین هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ئەم کامپانە بکەن".

سەرۆکی حکوومەت داوای لە بەڕێوەبەرانی کەمپەکە کرد :  "تاوەکو ئەو کاتەی ئەم پەنابەرانە کێشەکانیان چارەسەردەبن و دەچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئێمە پێشوازیان لێدەکەین و داوا دەکەم لە خزمەتکردنیان کەمتەرخەمیی نەکەن".