سەنتەرێکی راهێنانەوەی سرووشتی لە هەولێر دەکرێتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆکی کۆمیتەی خاچی سووری نێودەڵەتی دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 13/11/2019 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جیل کاربۆنیێ جێگری سەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد.

لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتی ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەماهەنگی و کارئاسانییان بۆ خاچی سوور بۆ جێبەجێکردنی چالاکی و پڕۆژەکانی لە هەرێمی کوردستان.

لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ سەرۆکی حکومەتی گوتی: "بەتایبەتی سوپاسی بەڕێزتان دەکەم کە دۆستێکی گرنگی رێکخراوەمانی و لە ساڵی 2003ـەوە بەردەوامی لە هاوکاریکردنی خاچی سووری نێودەوڵەتی“.

جێگری سەرۆکی خاچی سوور هەروەها رایگەیاند کە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی راهێنانەوەی سرووشتی بۆ یارمەتیدانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەولێر دەکرێتەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی خاچی سووری نیودەوڵەتی کرد بۆ ئەنجامدانی چالاکیی مرۆیی لە جیهان و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، جەختیشی لە بەردەوامیی هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ رێکخراوەکە کردەوە.