ترەمپ باسی بڕیاری كۆتایی لەبارەی چین دەكات

نوێترین رووداوەكانی جەنگی بازرگانی نێوان ئەمەریكا و چین

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، تاوەكو ئێستا بڕیاریان نەداوە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی بازرگانی لەگەڵ چین.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەگەری ئەوە ھەیە كە رێككەوتنێكی بازرگانی لەنێوان ئەمەریكا و چین بەشێوەیەكی باش بەڕێوەبچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا بڕیاری ئەوە نەدراوە كە ویستی ئەنجامدانی ئەو رێككەوتنەی ھەبێت یاخوود نا.

لە ماوەی رابردوودا ترەمپ ئاماژەی بەوەدابوو كە رێككەوتنی بازرگانی نێوان ئەمەریكا و چین نزیكبووەتەوە و بە سەرۆكی چینی راگەیاندووە، زیادەی بازرگانی چین بۆ ئەمەریكا دەبێتە ھۆكار كە ئەو جۆرە رێككەوتنەی پێویستە لەنێوانیان ئەنجامبدرێت ھاوسەنگ نابێت.

ئەمە لەكاتێكدایە شی جین پینگ سەرۆکی چین ئەوەی خستووەتەروو، پەکین دەخوازێت رێكەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا بکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ترسیان لە جەنگی بازرگانی نێوانیان نییە.

ھ.م