بەراز هەڕەشەیەکی دیکەیە بۆ سەر ئابووری چین

هەڕەشەیەکی جدیە لەسەر گەشەی ئابووری وڵاته‌کە

K24 – هه‌ولێر:

نەخۆشی تای ئەفریقی وایکردووە، کێڵگەکانی چین بە کۆمەڵ بەرازەکانیان لە ناو ببەن ئەوەش هەڕەشەیەکی جدیە لەسەر گەشەی ئابووری وڵاته‌کە، بە تایبەت ئێستا لە جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمه‌ریکا بەردەوامە.

بە گوێرەی ئاژانسی بلوومبێرگ، گۆشتی بەراز کە خواردنێکی تایبەتی چینییەکانە نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرزبوونەوەدایە، بەراورد بە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2018 بە رێژەی 30% بەرزبووەتەوە.

هاوکات بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو کاتێک نرخی گۆشتی بەراز لە چین رووی لە بەرزبوونەوە کرد، دەسەڵاتدارانی چین ناچار بوون گۆشتی بەراز لە ئەمریکاوە هاوردە بکەن.

لە هەواڵی ئاژانسی بلوومبێرگدا هاتووە، لە سەرتاسەری جیهاندا بەرازی پێویست نییە بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو بەرازانە بکاتەوە کە چین لە ناویان دەبا بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بکات.

چین بە بەکارهێنه‌ری سەرەکی گۆشتی بەراز دادەنرێت لە جیهاندا، لەو کاتەی نەخۆشی تای بەراز لە مانگی ئابی ساڵی 2018 لە وڵاتەکە سەری هەڵداوە، ئاژەڵدارەکان ناچار بوونە 40% بەرازەکانیان لە ناو ببەن و بەو هۆیەشەوە گۆشتی بەراز ئەمساڵ لە چین 10 ملیۆن تۆن کورتهێنانی هەبووە.