داواکاری خۆپیشاندەران لە هەموارکردنی دەستوور جێگیر دەکرێت
K24- هه‌ولێر:
ئەندامێکی لێژنەی هەمواری دەستوور دەڵێت: ئەو هەموارکردنه سه‌رتاپای دەستوور ناگرێتەوە، بەڵکو تەنها هەندێك مادە دەگرێتەوە، کە داواکاری هەنووکەیی خۆپێشاندەرانی تێدا جێبەجێ دەکرێت، بەشێك لە ئەندامە کوردەکانی ناو لێژنەكه‌ش داوا ده‌كه‌ن، کورد لە پرۆسەکە نەترسێ و وەك ده‌رفه‌تێك سه‌یری بكات.
له‌مباره‌یه‌وه رێبوار هادی، سەرۆکی لێژنەی یاسایی له پەرلەمانی كوردستان پێیوایە، کورد دەبێ هەوڵ بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی بدات.
هاوكات عه‌بدولباری مه‌جید، ئه‌ندامی لێژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق ده‌ڵێت: نابێت كورد لە هەمواری دەستووری بترسێت، بەڵکو پێویستە وەك هەل سه‌یری ئه‌و هه‌مواره بکات و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، پێویسته له ده‌ستووری نوێ داوای جێگیرکردنی مافی چارەی خۆنووسین بكه‌ین.
به‌گوێره‌ی زانیارییەکان، لە ناو لێژنەی هەمواری دەستووردا ناکۆکی توند لەسەر هەندێك پرس هەیە، لەوانە سیستەمی سیاسیی عێراق، پرسی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و داواکاری هەندێكیان بۆ نەهێشتنی سیستەمی فیدراڵی.
H.B