پەیكەربەندی رێكخستنی یەكێتی دەگۆڕێت

"رەنگە پۆستی سكرتێری گشتی ببێت بە سەرۆك"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

یەکێتی نیشتمانی كوردستان، لە بەستنی چوارەم کۆنگرەی خۆی نزیک دەبێتەوە، هەر لە ئێستاشەوە بۆچوونی جیاواز لەبارەی ئەو کۆنگرەیە و دەرەنجامەکانی هەیە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە پێیوایە "کۆنگرە دار عەسای سیحری نییە تا ھەموو کێشەکان چارەسەر بکات" ئاشكراشی دەكات، گۆڕانكاری لە پەیكەربەندی رێكخستنی یەكێتی دەكرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "کۆنگرە دار عەسای سیحری نییە تا ھەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵكو چارەسەری کێشەکان لەنێوان دوو کۆنگرەیە نەک لەناو کۆنگرە خۆی".

گوتیشی: "ئەم كۆنگرەیە دەتوانێ یەكێتی بخاتەوە سەر رێگەیەكی دروست بۆ چارەسەری كێشەكان".

ئاماژەی بەوەشكرد: "رەنگە چەند گۆڕانكارییەك لە ھەیكەلی یەكێتی بكرێت، بۆ بنوونە پۆستی سكرتێری گشتی بكرێت بە سەرۆك، رەنگە لە جیاتی مەكتەبی سیاسی شتێكی دیكە ھەبێت".

هەمووان هاوڕا نین لەسەر ئەوەی کۆنگرە دەتوانێ چی بۆ یەکێتی بکات، هاوکات دابەشبوونی سەرکردایەتیش لەرووی جوگرافییەوە یەکێکی دیکەیە لەو پرسانەی یەکێتی لە هەوڵی چارەسەرکردنیدایە.

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ: "دڵنیاین كۆنگرەیەك دەكەین كە یەكێتی دەگەڕێنینەوە سەر پێگەی خۆی، لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق. ھەوڵدەدەین شتێك بەناوی باڵ نەھێڵین و پەرە بە جیاوازییەكان دەدەین".

ئاشكراشی كرد: "ئەمجارە لە ھەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی رەچاوی ناوچە جوگرافییەكان دەكەین".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی راشیگەیاند: "رەنگە لەم كۆنگرەیە ئەنجوومەنی ناوەند و سەركردایەتی تێكەڵ بكەین و لە جیاتی سكرتێری گشتی سەرۆك دابنرێت، ھەروەھا مەكتەبی سیاسی نەمێنێ".