وەزارەتی پیشەسازی عێراق 50 گرێبەست واژۆ دەكات

وەزارەتی پیشەسازی 280 كارگە و 34 كۆمپانیای بەرھەمھێنانی ھەیە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی پیشەسازی عێراق لەماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، واژۆی لەسەر 50 گرێبەستی وەبەرھێنان كردووە.

بەگوێرەی وەزارەتەكە، بە ئامانجی پەرەپێدانی كارگە و كۆمپانیاكانی وەزارەتی پیشەسازی، لە نیوەی یەكەمی ساڵ 50 گرێبەستی تایبەت بە وەبەرھێنان واژۆكردووە و دەرگا بە رووی وەبەرھێنان كرایەوە.

وەزارەتی پیشەسازی عێراق راشیگەیاندووە، كە وەزارەتی پیشەسازی 280 كارگە و 34 كۆمپانیای بەرھەمھێنانی ھەیە، بەڵام سەرجەمیان كۆنن و ھەندێك ھێڵی بەرھەمھێنانیش لەكار كەوتووە  و بۆ ئەوەی دووبارە بەگەڕ بخرێنەوە پێویستیان بە بڕە پارەیەكی یەكجار زۆرە، بەڵام واژۆ كردنی ئەو 50 گرێبەستە كە زیاتر تایبەتن بە بەرھەمھێنانی بەرھەمە خۆراكییەكان و كەرەستە سەرەتایی و كیمیاوییەكان و چەندینی دیكە، گلۆپی سەوز بە رووی وەبەرھێنان داگیرسا، بەو ئامانجەی كە سوود لە شارەزایی بیانییەكان وەرگیرێت و پەرە بە كەرتی پیشەسازی لە عێراق بدرێت.

ھ.م