دیمه‌شق ده‌رگا بۆ كۆمپانیاكانی رووسیا ده‌كاته‌وه‌

كۆمپانیاكانی رووسیا ده‌بێت له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌مووان بن

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا، وه‌لید موعه‌لیم، رایگه‌یاند، دیمه‌شق له‌ دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی ره‌چاوی هه‌ره‌له‌پێشی كۆمپانیاكانی رووسیا ده‌كات.

له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا گوتی: ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌م بۆ مۆسكۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی نێوان رووسیا و سووریایه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: پێویسته‌ ئاستی په‌یوه‌ندی ئابووری رووسیا و سووریا بگاته‌ ئاستی ئه‌و په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌ی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا هه‌یه‌.

وه‌لید موعه‌لیم ئه‌وه‌شی گوت: به‌شار ئه‌سه‌د فه‌رمانی ده‌ركردووه‌، كه‌ له‌ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سووریا بایه‌خی زیاتر به‌ كۆمپانیاكانی رووسیا بدرێت و ئه‌وان هاوبه‌شی سه‌ره‌كی بن.