سەیدسادق دەبێتە دەستەخوشکی شاری پالێرمۆی ئیتاڵیا

سەیدسادق پێویستی بە خزمەتگوزاری زیاترە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە کۆبونەوەی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و سەندیکای شارەوانییەکانی ئیتاڵیا بڕیاردرا سەیدسادق وەک دەستەخوشکی شاری پالێرمۆی ئیتاڵیا دیاری بکرێت. هۆکاری سەرەکی دیاریکردنی ئەو شارۆچکەیە لە کۆی 40 شارۆچکەی هەرێمی کوردستان زۆری ژمارەی دانیشتوان و کەمی خزمەتگورازی بووە لە شارۆچکەکە.

دیاری رەفیق، قایمقامی سەیدسادق بە كوردستان24ی راگەیاند: "بوونی سەیدسادق بە دەستەخوشكی شارێكی ئەوروپی گرنگی خۆی ھەیە، كە لە سنووری پارێزگای سلێمانی سەیدسادق دیاركراوە. یەكێك لە ھۆكارەكان ئەوەیە كە لە رابردوودا نەتوانراوە وەك پێویست خزمەتی شارۆچكەكە بكرێت".

ھەروەھا کەمال موستەفا، سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی  شارەوانییەکانی سلێمانی ئاشكرای دەكات: "سەندیكای شارەوانییەكانی ئیتاڵیا سەردانیان كردوین و بەڵێنیانداوە دوو پڕۆژە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامبدەن، ئێمە سەیدسادق و عەربەتمان دیاركردووە. گوتیان دەمانەوێت شارۆچكەیەك بكەین بە دەستەخوشكی شاری پالێرمۆی ئیتاڵی، ئێمەش سەیدسادقمان ھەڵبژاردم چونكە ئەو شارۆچكەیە دەمێكە فەرامۆشكراوە و خەڵكی داواكاری زۆریان ھەیە".

شارۆچکەی سەیدسادق لە ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعسەوە بە تەواوی خاپوور کرا، لەکۆی 40 شارۆچکەی هەرێمی کوردستان وا بڕیارە سەیدسادق وەک دەستە خوشکی شاری پالێرمۆی ئیتاڵیا لەلایەن کۆمەڵەی شارەوانییەکانی ئیتاڵیا و سەرۆکی شارەوانییەکانی سلێمانیەوە دەست نیشان بکرێت،  ئەمەش بووەتە ئومێدیک بۆ دانیشتوانەکەی تا لەو رێگەیەوە بتوانرێت خزمەتی زیاتر بەم شارۆچکەیە بکرێت. پێشتریش پارێزگای هەڵەبجە بە دەستە خوشکی هێرۆشیما دەست نیشان کراوە.

ھ.م