کریستیانەکانی عێراق تەنها لە هەرێمی کوردستان ئاهەنگ دەگێڕن

دۆخی عێراق رێگای بە ئاهەنگی کریستیانەکان نەدا

K24 – هه‌ولێر:

لە کاتێکدا بەهۆی ناهەمواری دۆخی سیاسییەوە لە بەغدا و شارەکانی عێراق ئاهەنگگێڕانی کریستیانەکان بەبۆنەی جەژنی کریسمسەوە هەڵوەشایەوە، کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان رێوڕەسمەکانیان ئەنجامدا، بە جۆرێک زۆرینەی کریستیانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش هەر لە کوردستان جەژنیان گێڕا.

مەترانی سریانە ئەرتەدۆکسەکان لە گوتارەکەیدا گوتی: "لە سەرەتاوە من لەگەڵ ئەو بڕیارە نەبووم بۆ راگرتنی ئاهەنگگێڕان لە سەری ساڵ ، جەژنی سەری ساڵ جەژنێکی ڕۆحییە زیاتر لەوەی دنیایی بێت ، ئێمەش لەو نیعمەتە خوداییەی کە تیایدا دەژین مافی خۆمانە جەژن بگێڕێن و سوپاسی خودا بکەین بۆ نیعمەتەکانی و لەسەروو هەمووشیانەوە نیعمەتی سەقامگیری و ئاسایش کە لە هەرێمی کوردستان بۆمان رەخسێندراوە".

هاوکات نەوزاد هادی، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی هەرێمیش بە کوردستان 24ی رایگەیاند، سەرەڕای هەموو ئەو تەحەدایانەی لە بەردەم گەلانی عێراقدایە ، بەڵام کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان جەژنیان لێ نەشێوا و بە پیرۆزبایی لەیەکترکردن و هیوای ساڵی داهاتووی پڕ لە خێر و خۆشی بۆ یەکتر، بەرەوپیری سەری ساڵی نوێی زایینی چوون.

لە دوای هاتنی داعش بۆ عێراق، مەترسی کەوتە سەر ژیانی کریستیانەکان و ژمارەیەکی زۆریان چوونە دەرەوەی وڵات، چەند جارێکیش هۆشداریی دراوە لەوەی، کۆتایی بە بوونی پێکهاتەی کریستیان لە عێراق بێت.

H.J