نرخی نەوت بە بەرزترین ئاستی سێ مانگ و نیوی رابردووی داخرا

هۆکارەکەی بەڵێنەکانی رووسیایە بە پابەندبوونی بە رێککەوتنی ئۆپێک

K24 - ھەولێر

نرخی نەوت بە بەرزترین ئاستی سێ مانگ و نیوی رابردووی داخرا، کە هۆکارەکەی بەڵێنەکانی رووسیایە بە پابەندبوونی بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس و جەختکردنەوەی ترەمپە لە نزیکبوونەوەیان لە رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ چین.

نەوت خاوی برێنت بە رێژەی 1.1% و 71 سەنت بۆ ئاستی 67.10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، کە بەرزترین ئاستییەتی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە.

نەوتی سووکی تێکساسیش بە رێژەی 0.8% و 47 سەنت بۆ 60.99 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە.

ئاراستەی ئەو بەرزبوونەوەیە دوای لێدوانەکانی ئەلێکساندەر نۆڤاک وەزیری وزەی رووسیا دێت، کە رایگەیاند "مۆسکۆ و ئۆپێک بەردەوامن لە هاوکاریکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، و ئەو هەماهەنگیەش کاریگەری بەهێزی هەبووە".

لە لایەکی دیکەشەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، لە واژۆ کردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ چین زۆر نزیکن، بەڵام بەرواری دیاریکراوی ئاشکرا نەکرد.

ھ.م