"کارەکانی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك دەستپێدەکاتەوە"

گرووپە تیرۆريستییەکان لە هەندێ شوێن شەوان دەبنە دەسەڵاتدار
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە کوردستان 24ی گوت لە ئاییندەیەکی نزیکدا کارەکانی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك دەستپێدەکاتەوە.

دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران له‌ باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌ گوتی: "پێشکەوتنی باش بەدەستهاتوون و سەرۆکی حکوومەت خۆی سەرپەرشتی کەیسەکە دەکات".

گوتیشی چارەسەرەکە پێش ئەوەی سیاسیی بێ سەربازییە و دوای چارەسەری سەربازی ئینجا چارەسەری سیاسیی دەستپێدەکات.

پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری کێشەی ناوچە جێبناکۆکەکان چڕکردبووەوە، بەڵام دۆخی بەغدا بەدەستخستنی ئەنجامەکەی دواخستووە.

کەرکووکییەکان خوازیارن لە ساڵی 2020 دا شارەکەیان ببێتەوە شاری هەمووان و چیدیکە دەسەڵاتی یەك نەتەوە بەسەر هەموواندا نەسەپێندرێت.

ئەوەی وادەکات پیویستبێ لەسەر هەمووان پەلە بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك، ئەو هەڕەشانەیە کە لە دەوروبەری شارەکەوە دێن و ڕۆژ دوای ڕۆژیش زیاتر و زیاتر دەبێ، تا گەیشتووەتە ئاستێك ئێستا گرووپە تیرۆرستییەکان لە چواردەوری شارەکە بە ئاشکرا دەسووڕێنەوە و لە هەندێ شوێنیش شەوان دەبنە دەسەڵاتدار.

ئ. م