پۆمپیۆ رێبه‌ری ئێران به "سه‌ربڕینی خۆپیشانده‌ران" تۆمه‌تبار ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به په‌نابردن بۆ توندوتیژی و سانسۆركردنی یادكردنه‌وه‌ی چله‌ی قوربانییه‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات كه به‌هۆی گرانكردنی نرخی سوته‌مه‌نی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه كوژراون.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی 27/12/2019 له تویته‌ره‌وه نوسیوویه‌تی: "مافی گه‌لانی ئێرانه بۆ 1500 قوربانی بگرین كه له‌میانی خۆپیشاندانه‌كاندا له‌لایه‌ن رێبه‌ری ئه‌و وڵاته‌وه سه‌ربڕاون".
پۆمپیۆ پییوایه "ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ده‌ستی به سه‌ركوتكردنی هاووڵاتیان و په‌نابردن بۆ توندوتیژی و بڕینی ئینته‌رنێت بردووه‌ته‌وه".
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له‌میانی خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاستی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری رابردوو، زیاتر له 1000 كه‌س له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی ئێرانه‌وه كوژراون و هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ش بریندار كراوون.
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیش لای خۆیه‌وه ئامارێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، به‌هۆی سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌رانه‌وه زیاتر له 300 كه‌س كوژراون.
ئاژانسی هه‌واڵی ئیلنای ئێرانیش رایگه‌یاندووه، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو هێڵی ئینته‌رنێت له ژماره‌یه‌ك پارێزگای ئێران بڕاوه بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه بانگه‌شه بۆ بیره‌وه‌ری چله‌ی قوربانییه‌كان نه‌كرێت و له‌و رێگایه‌وه خه‌ڵكی بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی كۆنه‌بنه‌وه.