حەشد ھەڕەشە دەكات

سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق نیگەرانن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/4a46fc74-ed83-46e6-b0a4-07479589a2f4/123019HWF.ism/manifest

K24 - ھەولێر

هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی نیگەرانی دەسەڵاتدارانی عێراق و لایەنە شیعەکانی لێکەوتەوە، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی جەختدەکاتەوە، بەتوندترین شێوە وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە.

هاوکات گوتەبێژی فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی عێراق ئاشکرایدەکات، وەزیری بەرگری ئەمریکا پێشتر عادل عەبدولمەهدی لە هێرشەکەی سەر پێگەکانی حزبوڵڵا ئاگادارکردووەتەوە، لە بەرامبەریشدا سەرۆک وەزیران رەتیکردووەتەوە و داوایکردووە، ئەمەریکییەکان هێرشەکە ئەنجامنەدەن.

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەدوای هێرشی فڕۆکەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا گوتی "هێرشەکەی ئەمەریکا جێگەی قبووڵ نییە و پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق".

سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشەکە زیان بەو وڵاتە دەگەیێنێت.

لەلایەکی دیکەوە حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەخنەی لە هێرشەکەی ئەمەریکا گرت و چەکدارانی حەشدی شەعبیشی بە پاڵەوان و پارێزەری عێراق پێناسەکرد، داواشی لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کرد، رێکاری پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بگرنەبەر، هەروەها ئەمەریکییەکانی بە بێبەڵێن بەرامبەر بە رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا زانی.

هەرچی لایەنە شیعەکانن بۆردوومانەکەی ئەمەریکا بە دوژمنایەتی و پێشێلکاری دەزانن و پێیانوایە، ئەو هێرشانە پەیوەندی بە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن هەیە، حزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێرشەکەی ئەمەریکا پەیوەندی بە کێشە و ململانێکانی نێوان تاران و واشنتن هەیە. جەختیکردەوە، رێگەنادەن عێراق وەکو گۆڕەپانێک بۆ ململانێی نێوان وڵاتان بەکاربهێندرێت.

هەروەها هاوپەیمانێتی سائیرونیش دژایەتی بۆ هێرشەکەی سەر پێگەکانی حزبوڵڵایە دەربڕی و رایگەیاند، هێرشەکە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق.

چەکدارانی حەشدی شەعبی بەردەوام جەخت لەسەر دژایەتیکردنی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەنەوە، لە دوای هێرشەکەش حزبوڵڵای عێراق و عەسائیب ئەهلولحەق داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هێزە ئەمنییەکان کردووە هەوڵی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە بدەن و رایانگەیاندووە، ئەمەریکییەکان سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ سەر خاکی عێراق.

هاوکات ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەتوندترین شێوە وەڵامی هێزەکانی ئەمەریکا دەدەنەوە و خوێنی شەهیدانیان بەهەدەر ناچێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراقیش عەبدولکەریم خەلەف، گوتەبێژی فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە، پێشتر مایک ئسپێەر، وەزیری بەرگری ئەمەریکا عادل عەبدولمەهدی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر پێگەکانی حزبوڵڵا ئاگادارکردووەتەوە، لە بەرامبەریشدا سەرۆک وەزیران رەتیکردووەتەوە و داوایکردووە، ئەمەریکییەکان هێرشەکە ئەنجامنەدەن.

ھ.م