توركیا ساڵێكی پڕ كێشەی بەڕێكرد

كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی توركیا بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

توركیاش ساڵێكی پڕ شەڕ و ئاڵۆزیی بەجێھێشت، لە ئۆپەراسیۆنی سەر رۆژئاوای كوردستانەوە بگرە تا ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا و ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان، كە گرنگترین رووداوەكانی 2019ـی توركیا بوون.

ئەنقەرە لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا، كێشەكانی بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە و نەیتوانیوە چارەسەریان بكات، پێشبینی دەكرێت ئەمساڵیش ئاڵۆزیی و كێشەكانی توركیا بەردەوام بن.

لە ساڵی 2019دا، وەك ساڵانی پێشتر زۆر رووداوی گەرم و گرنگ ھەبوون، لە دەسپێكی ساڵدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پەكەكە لە رۆژەڤی توركیادا بوو، بۆ ئازادكردنی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە و لایەنگرانی ئەو حزبە مانگرتنیان راگەیاند، لەیلا گۆڤەن یەكێك بوو لەو پەرلەمانتارانەی كە بووە جێی بایەخی میدیاكان، چونكە بەھۆی برسی بوونەوە باری تەندروستی ناجێگیر بوو. دوای 8 ساڵ حكوومەتی توركیا لە ھەنگاوێكدا رێگەی بە پارێزەران دا چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت، دواتر دوو پەیامی ئۆجەلان لەلایەن پارێزەرانی بڵاوكرایەوە، لە یەكێك لە پەیامەكانیدا داوای شكاندنی مانگرتنی كردبوو، لە پەیامێكی دیكەشدا داوای لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر كردبوو كە دۆخی ھەستیاری توركیا لەبەرچاو بگرن. وەك دەگوترێت پەیامی سێیەمی ئۆجەلان ئاشكرا نەكراوە، كە داوای لە ئەندام و لایەنگرانی كردبوو لە ھەڵبژاردەنەكانی ئیستانبوڵ بێ لایەن بن. ھەر لە ساڵی رابردوودا و پاش دوو ساڵ حكوومەتی توركیا رێگەی بە بنەماڵەی ئۆجەلان دا لە ئیمرالی چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكەوێت.

ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا پرسێكی دیكەی گرنگی ئەو وڵاتە بوو، كە لە 31/3/2019 ئەنجامدرا، لەو ھەڵبژاردنە ئاكەپە زۆربەی شارەوانی لە دەستدا لەناویشیاندا ئیستانبوڵ و ئەنقەرە. ھاوكات ھەدەپە 37 شارەوانی لەدەستدا و جەھەپە براوەی ھەڵبژاردنەكان بوو.

لە ساڵی 2019دا شەڕی توركیا و پەكەكە بەردەوامی ھەبوو، لە 28/5/2019 سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی لە خواكوڕك بۆسەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە دەستپێكرد و تائێستاش بەردەوامە.

كڕینی سیستمی بەرگری ئێس400 لە رووسیا، یەكێك بوو لەو پرسانەی كێشەی خستە نێوان توركیا و ئەمەریكا و تائێستاش واشنتن داوا لە ئەنقەرە دەكات لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە و توركیاش سوورە لەسەر بڕیارەكەی.

شەڕ و ئاڵۆزییەكانی توركیا لەناوخۆ و دەرەوەی توركیا بەردەوامبوو، لە 9/10/2019 توركیا ھێرشی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد، كە بەشێك لە شارۆچكە و گوندەكانی رۆژئاوای داگیر كرد، ئەمەش كاردانەوەی لێكەوتەوە، دواتر لەژێر فشار و رێككەوتنی ئەمەریكا و رووسیا لەگەڵ توركیا و سووریا ئۆپەراسیۆنەكە وەستێنرا.

ھ.م