به‌ریتانیا بۆ هاووڵاتیانی: سه‌ردانی ئێران نه‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا داوای له هاووڵاتیانی كرد، سه‌ردانی ئێران نه‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (10ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2020)، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، "دۆمینیك راب" رایگه‌یاند، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌گه‌ری كه‌وتنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه ئۆكرانییه‌كه به مووشه‌كی ئێران و ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له ئارادان، ئامۆژگاری سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی به‌ریتانیا ده‌كه‌ین، سه‌ردانی ئێران نه‌كه‌ن.
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، فڕۆكه‌یه‌كی جۆری ( بۆینگ 737)ی ئۆكرانی له دوای هه‌ڵفڕینی له فڕۆكه‌خانه‌ی "ئیمام خومه‌ینی" تاران، تێكشكا و سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانی گیانیان له‌ده‌ستدا.
وڵاتانی خۆرئاوا له‌و بڕوایه‌دان فڕۆكه‌كه به مووشه‌كی ئێران كه‌وتبێته خواره‌وه، به‌ڵام ئێرانییه‌كان ئه‌وه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و هۆكاره‌كه‌ی بۆ كێشه‌ی ته‌كنیكی ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ئامۆژگاری كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی كردووه، كه گه‌شت بۆ ئێران نه‌كه‌ن.