ئێران دان بە بەئامانجگردنی فڕۆكە ئۆكراینییەكەدا دەنێت

"لە نزیك بنكەیەكی سوپای پاسداران مووشەك پێكراوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

كۆماری ئیسلامی ئێران دان بە بەئامانجگردنی فڕۆكە ئۆكراینیەكەدا دەنێت لە رێگەی مووشەكەوە و ئاشكراشی دەكات، بە ئامانجكردنی بەھۆی ھەڵەیەكەیەكی مرۆییەوە بووە.

تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران، لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای سەربازییەوە ئاشكرای كرد، كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە نەفەر ھەڵگرە ئۆكراینییەكە، بەھۆی پێكرانی بە مووشەكەوە بووە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، بە ئامانجگردنی بەھۆی ھەڵەیەكەیەكی مرۆییەوە بووە و ھیچ مەبەستێكی لە پشتەوە نەبووە.

ئاشكراشی كردووە، فرۆكەكە دوای بەرزبوونەوەی و نزیكبوونەوە لە بنكەی سوپای پاسداران، بە ھەڵە و بە مووشەك پێكراوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، فڕۆكەیەكی ئۆكراینی سەر بە كۆمپانیای بۆینگ، لە تاران كەوتەخوارەوەو 176 سەرنشین و ستافی فرۆكەكە گیانیان لەدەستدا. نزیكەی 10 كەس لە سەرنشینانی فڕۆكەكە كوردی رۆژھەڵاتی كوردستان بوون.

ھ.م