پوتن وادەی جێبەجێكردنی ھێڵی گازی نێوان رووسیا و رۆژئاوای ئەوروپا ئاشكرا دەكات

"کاردەکەین بۆ ساڵی 2021 پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 بکەوێتە کار"

K24 - ھەولێر

سەرۆكی رووسیا وادەی جێبەجێكردنی ھێڵی گازی نێوان رووسیا و رۆژئاوای ئەوروپا دەستنیشان دەكات.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لە مۆسكۆ  لەگەڵ ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ھیواخوازە كارەكانی ھێڵی نۆرد ستریم 2 تەواو ببێت و سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا، سەرەتای ساڵی داھاتوو پرۆسەی گواستنەوەی گازەكە دەست پێبكات.

پوتن، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بەوەشدا، كار بۆ ئەوە دەكەن كە لە چارەكی ساڵ 2021 پڕۆژەكە بە تەواوی دەست پێبكات و ھێڵی بۆریی گازەكە بكەوێتە كار.

ئەمە لەكاتێكدایە رووس و ئەڵمانەكان پێشبینی ئەوەیان دەكرد، كە لە كۆتایی یانیش سەرەتای 2020 ئەو ھێڵە بكەوێتە كار و لای خۆیەوە ئەنگێلا مێركڵ پاڵپشتی خۆی بۆ پڕۆژەكە دووپات كردەوە و سزاكانی ئەمەریكای بە ھۆكاری وەستانی كارەكان ناوبرد.

ھاوكات بەگوێرەی ئەو وادەیەیی پوتن ئاماژەی پێداوە، پرۆسەكە درەنگتر لە وادەی خۆی جێبەجێ دەكرێت.